سەرۆكایەتی فرەنسا: گفتوگۆكان لەگەڵ زەریف ئەرێنی بو

- 8/25/2019 10:07:00 PM 1691 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمیەكە، سەرۆكایەتی فرەنسا رایگەیاند "گفتوگۆكانمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بە شێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەچون".

گفتوگۆكان بەردەوامیان دەبێت

لە راگەیەندراوێكدا، سەرۆكایەتی فرەنسا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە " گفتوگۆكانمان لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە بە شێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەچو و بەردەوامیشیان دەبێت".

زەریف لەگەڵ شاندی ئەمریكی كۆنابێتەوە

سەبارەت بە سەردانیەكەی زەریف بۆ شاری بیاریتز لە فرەنسا كە لە ئێستدا كۆبونەوەی وڵاتانی G7ی تێدا ئەنجامدەدرێت، سەرۆكایەتی فرەنسا ئاماژەی بەوەكرد "ئەنجامدانی هیچ چاوپێكەوتنێك لەنێوان زەریف و شاندی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا یاخود دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەرنەدراوە، كە بە مەبەستی كۆبونەوەكەی G7 لەو ناوچەیەن".

لەگەڵ ئەمریكا رێككەوتوین سەبارەت بە سەردانیەكەی زەریف

راشگەیەندراوە "سەردانیكردنەكەی زەریف بە رێككەوتن بوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەو وڵاتە ئاگاداری سەردانیەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بوە".

رێگەكە سەختە، بەڵام شایەنی هەوڵدانە

لای خۆیەوە، محەمەد جەواد زەریف پاش ئەنجامدانی كۆبونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فرەنسا لەمیانی لێدوانێكیدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "رێگەكە سەختە، بەڵام شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدەین".

كۆبونەوەكەی زەریف سێ كاتژمێری خایاند، سەرەتا لەگەڵ جان ئیف لۆدریا، وەزیری دەرەوەی فرەنسا و دواتر لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە شاری بیاریتز كۆبوەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP