شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکات

- 8/25/2019 12:41:00 PM 4286 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دو رۆژی ئایندەدا شاندێکی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چوە قۆناخێكی نوێوە

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چوە قۆناخێكی نوێوە، كە قۆناخی ھەنگاونانە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان ھەردولادا ھەن".
دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتوەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتوەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، چەند لیژنەیەك لە نێوان ھەردولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و موچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون".

پێشتر بەشیر حەداد بەخەندان-ی راگەیاندبو، "سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گرنگە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای 2020ی عێراق".

25ی تەموزی رابردو شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی فواد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە کۆبونەوە.
هەردولا رێككەوتن لەسەر دانانی میكانزمێكی كردەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە وردەكاری پرسە هەڵپەسێردراوەكان

 

دوای کۆبونەوەکە لیژنەی باڵای هاوبەشی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند، هەردولا رێككەوتن لەسەر دانانی میكانزمێكی كردەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە وردەكاری پرسە هەڵپەسێردراوەكان لە رێگای پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەندی تەكنیكی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لەژێر چاودێری لێژنەی باڵای هاوبەش.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبونەوەكەشدا بڕیار لەسەر‌ بەردەوامی پەیوەندییەكان دراوە بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و دەستوریانە بۆ سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردولا بكات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP