سەرۆک وەزیرانی سودان: پێویستمان بە10 ملیار دۆلار هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری

- 8/25/2019 12:07:00 PM 1197 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆک وەزیرانی نوێی سودان رایگەیاند وڵاتەکەی پێویستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و لەماوەی دو ساڵی داهاتوشدا پێیوستی بە 8 ملیار دۆلاری هاوکاری دەرەکی هەیە. 

بەپێی هەوالێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەکشەممە عەبدوڵا حەمدۆک سەرۆک وەزیرانی نوێی سودان رایگەیاندوە وڵاتەکەی پێویستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابورییەکەی و لەو بڕە پارەیەش پێویستیان بە 8 ملیاری هاوکاری دەرەکی هەیە. 
لەماوەی سێ مانگی داهاتودا پێویستیان بە بڕی دو ملیار دۆلاری دیکە هەیە

لەوبارەیەوە، سەرۆک وەزیرانی سودان راشیگەیاند، لەماوەی سێ مانگی داهاتودا پێویستیان بە بڕی دو ملیار دۆلاری دیکە هەیە بۆ رێگرتن لەداڕمانی بەهای دراوەکەیان. 

قسەی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی کردوە

حەمدۆکی تەمەن 61 ساڵ کە ئابوری ناسە و پێشتر ئەندامی کۆمسیۆنی ئابوری نەتەوە یەکگرتوەکان بوە بۆ ئەفریقا راشیگەیاند بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی کردوە و تاوتوێی چۆنیەتی هەڵسانەوەی سودان و چارەسەرکردنی قەرزە زۆرەکانیان کردوە.

وتیشی هەوڵیداوە لە وڵاتانی کاریگەر و دۆستی سودان نزیک ببێتەوە و دیدار و کۆبونەوەشی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوە کە کاریگەرییان لەسەر سندوقەکە هەیە تا بتوانێت هاوکارییە پێویستییەکانی سودان کۆبکاتەوە.

لەبارەی قەیرانی خۆراک و سوتەمەنی و کەمی بەهای دراوەکەیان و توڕەیی خەڵک، سەرۆک وەزیرانی نوێی سودان رایگەیاندوە لەپەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەوانە، بەڵام لەئێستادا پارەی دانراو لەبانکی جیهانیدا زۆر کەمە. 

باسی گرنگی رۆڵی هاوڵاتیانی سودانیشی کردو رایگەیاند گۆڕانکارییە گەورەکان بە قسەکردن دەبێت لەگەڵ خەڵک و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی کۆببێتەوە و داوای هاوکارییان لێبکات بۆ باشترکردنی وڵاتەکەیان. 

نیشانەکردن :

#سودان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP