دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستی بڕیاری شەهید ئاسۆی مامجەلال

- 8/25/2019 12:00:00 PM 28465 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری تەمەن چوار ساڵ لە ژێر چاودێری وردی پزیشکدایە و "هێشتا لە مەترسی دەرنەچوە".

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی دۆخی تەندروستی بڕیاری شەهید ئاسۆی مامجەلال بە خەندان-ی راگەیاند، "لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە، هێشتا ناتوانین بڵێین بەتەواوەتی لە مەترسی دەرچوە".
لە ئێستادا ئەوەی بۆی ئەنجامدەدرێت هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەی دەدرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ پێشبینیەکمان نیە بۆ داهاتویی و چاوەڕوانی کاتین و لە ئێستادا ئەوەی بۆی ئەنجامدەدرێت هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەی دەدرێت".

بڕیاری تەمەن چوار ساڵ، کوڕی شەهید ئاسۆ مامجەلال مەسۆییە، کە 31ی تەموزی رابردو لە هێرشێکی داعشدا لە شارۆچکەی کوڵەجۆی سنوری گەرمیان لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکى دیکە شەهیدبو. 
 دوای ئەوەی بڕیار هەواڵی شەهیدبونی باوکی بیستوە شەکرەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبوەتەوە

 

بەپێی وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوەی بڕیار هەواڵی شەهیدبونی باوکی بیستوە شەکرەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبوەتەوە و لەماوەی سێ رۆژی رابردوشدا چەندجارێک دڵى وەستاوە و  دواتر بەهەوڵى پزیشکەکان دوبارە دڵی گەڕاوەتەوە کارکردن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وتیشی، "راستەوخۆ دوای روداوەکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کرد و ئامادەیی دەربڕی بۆ گرتەئەستۆی کۆی خەرجی چارەسەرکردنی لە هەر کوێیەکی جیهان بێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP