کۆبونەوەی لوتکەی G-7 و رای سەرکردەکانی جیهان لەبارەی جەنگی بازرگانییەوە

- 8/25/2019 10:59:00 AM 1660 جار خوێندراوەتەوە

 
خەندان-
دوێنێ کۆبونەوەی لوتکەی گروپی 7 (G-7) لە هاوینەهەواری بیارتزی فەرەنسا دەستیپێکردو تەواوی سەرکردەکانی ئەو کۆبونەوەیە پێش گەشتنیان رایانگەیاندوە هەوڵی هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەدەن و رێگری لەجەنگی بازرگانی دەکەن.
هەوڵی هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەدەن

دوێنێ پێش گەشتنی بۆ کۆبونەکە، دۆناڵد تەسکی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند جەنگی بازرگانی سەردەکێشێت بۆ قەیرانێکی گەورەی جیهانی و بۆ هەمو دانیشتویەکی سەر ئەم زەوییە خراپە، لەبەرئەوە پێویستە رێگری لێبکرێت.
هەوڵدەدەن تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە قسەکردن بێت لەسەر نادادی جیهانی و پێشکەوتنەکان لەئەفریقا

لەلایەکی ترەوە، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند هەرچەندە هەوڵدەدەن تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە قسەکردن بێت لەسەر نادادی جیهانی و پێشکەوتنەکان لەئەفریقا، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن و پێویستە بەهەمو لایەک رێگری لەجەنگی بازرگانی بکەین.

لەهەمان کاتدا، بۆریس جۆنسی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا پێش فڕینی بۆ هاوینە هەوارەکەی فەرەنسا رایگەیاند هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن و رێگری لەجەنگی بازرگانی دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا راشیگەیاند، لەگەڵ ترەمپ قسەدەکات و داوای لێدەکات لەجەنگی بازرگانی بکشێتەوە چونکە زیانێکی زۆری بەئابوری جیهانی گەیاندوە. 

لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە کە باسیان لەوەکردبو کۆبونەوەی ئەمساڵی لوتکەی گروپی 7 کێشەی زۆری دەبێت و هەنگاوەکانی ترەمپ دۆخەکەی ئاڵۆزکردوە.
ئەنجامەکان ئەرێنین

لەتویتێکی دیکەدا ترەمپ ئاماژەی بەوەکردوە کۆبونەوەی زۆر سەرکەوتو گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەی ئەنجامداوە و ئەنجامەکان ئەرێنین.

کۆبونەوەی گروپی 7ی 2019 بەئامادەبونی سەرکردەی هەریەک لە( ئەمریکا، کەنەدا، بریتانیا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن) و بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی یەکێتی ئەوروپا   لەهاوینەهەواری (بیارتز)ی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبونەوەیە کە ساڵانە بۆماوەی 2 رۆژ بەردەوامدەبێت قسەکردنە لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانەی روبەروی جیهان دەبنەوە، لەنێوانیاندا سیاسەتی دەرەکی، باری ئابوری جیهان و پاراستنی ژینگە. وڵاتانی بەشداربو هەوڵدەدەن وەڵامێکی جیهانی بۆ ئەو هەڕەشانە ئامادە بکەن کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی پیشەسازی دەبێت.

بۆ ئەمساڵ پرسی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین ژێر مێزی گفتوگۆکانی پڕکردبو لەپرسیار.

لەبارەی بەشداریپێکردنی روسیا لەو کۆبنەوەیە کە تایبەتە بەوڵاتانی گەورەی پیشەسازی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد روسیا بەبێ مەرج بەشداری کۆبونەوەکە بکات، بەڵام دۆناڵد تەسکی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دژی داواکەی ترەمپ رایگەیاند بەهیچ جۆرێک رێگە بەبەشداریکردنی روسیا نادرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP