بەپەلە

بەشێک لە دیداری کتێبی "چێژی خوێندنەوە"ی شاخەوان سدیق
رێبوار سیوەیلی: مرۆڤ لە روانگەی منەوە بونەوەرێكی خوێنەرەوەیە

- 8/24/2019 12:07:00 PM 1247 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێبوار سیوەیلی: مرۆڤ لە روانگەی منەوە بونەوەرێكی خوێنەرەوەیە 

 

هەرچەندە ئەم پرسیارە لە ئاستی دەربڕیندا یەكجار سادەیە، بەڵام دەمانخاتە بەردەم ئاستێكی هزرین، كە وەڵامدانەوەی ئاسان نابێت. جارێ پێش هەموو شتێك مرۆڤ لە ڕوانگەی منەوە بوونەوەرێكی خوێنەرەوەیە، بەڵام مەرج نییە ئەم خوێندنەوەیە خوێندنەوەی نووسراوبێت لە فۆرمی كتێب، یان هەر نووسراوێكی دیكەی لەو جۆرە. مرۆڤ خوێنەرەوەی نیشانە و ڕەمز و جووڵە و ڕووخسار و نیگایە بەر لەوەی خوێنەرەوەی پیت و وشەكان بێت. ئەمە جگە لەوەی وشەی (مرۆڤ)؟ لە پرسیارەكەدا و لە خۆیدا هەڵگری گشتاندنێكە، لە كاتێكدا ئێمە دەزانین كە هەموو مرۆڤەكان بە پێویست كتێب ناخوێننەوە و كتێبیش یەكەمین میدیایەك نییە بۆ خۆڕۆشنبیركردن. ڕەنگە هۆكاری ئەوەی لە ئێستادا ئەم پرسیارە بەم شێوەیەك دەكرێت، ئەوە بێت كە لە ئێستادا كتێب یەكێكە لە میدیا باوەكانی خوێندنەوە و بازاڕی كتێبیش لە برەوسەندنێكی چەندایەتیدا بێت، یان ڕەنگە هۆكاری ئەم پرسیارە ئەوەبێت كە لە ئێستادا هەستێكمان لەلا دروستبووبێت، كە چیتر كتێب لە ئاستانەی كۆتاییهاتنیایەتی و ڕۆڵی وەك تاكە میدیایەكی خۆڕۆشنبیركردن نەمابێت و وێنە و شاشە جێگەیان گرتبێتەوە. لە هەر دوو دۆخەكەشدا پرسیارەكە شایانی بیرلێكردنەوەیە: هەم كتێب ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە. هەمیش تاكە ڕێگا نییە بۆ خۆڕۆشنبیركردن. 

پێش پەیدابونی كتێب لە فۆرمی ئەمڕۆیی خۆیدا، ڕۆشنبیری بابەتی گێڕانەوەی زارەكی بو

 

باشە پێش كتێب مرۆڤ چۆن دەیخوێندنەوە؟ شارستانیەتی مرۆڤایەتی چەند فۆرمێكی دیكەی خۆڕۆشنبیركردنی مرۆڤی تەیكردووە، لەوانەش ڕۆشنبیری زارەكی و بیستن و گیڕانەوەی بەردەوام. پێش پەیدابوونی كتێب لە فۆرمی ئەمڕۆیی خۆیدا، ڕۆشنبیری بابەتی گێڕانەوەی زارەكی بوو، كە گوێ وەرگرە سەرەكییەكەی بوو. ڕۆشنبیری گوێ و ڕۆشنبیری بیستن دوو شێوازی باوی شارستانیەتی مرۆڤایەتین لە پێش خوێندنەوەوه، كە چاو وەرگرە سەرەكییەكەیەتی . لەگەڵ پەیدابوونی چاپ و برەوسەندنی كتێبدا، ڕۆشنبیریی بیستن پاشەكشەی پێكرا و چاو جێگەی گوێی گرتەوە. ئەمە لە خۆیدا گۆڕانێكی نەوعی بوو لە پرۆسەی خۆڕۆشنبیركردنی مرۆڤدا، بەڵام پێشمەرجی ئەم شێوازە نوێیە ئەوە بوو كە دەبێت مرۆڤ خوێندەواریی هەبێت و توانای وەرگێڕان و لێكدانەوەی نووسراوی هەبێت بۆ تێگەیشتن. ئەمەش لە كاتێكدا كە هەموو مرۆڤەكان خوێندەوار نەبوون. لەبەر ئەوە گۆڕان لە ڕۆشنبیری بیستنەوە بۆ خوێندنەوە، هاوكاتیش بوو بە پەیدابوونی جۆرێكی دیكەی وەرگر كە دەبوو خوێندەواریی هەبێت. بۆیە ئەم گۆڕانە گۆڕانیشە لە ڕۆشنبیرییەكی گشتییەوە بۆ تایبەت. لێرەشەوە، كتێب دیاردەیەكی مۆدێرنی خۆڕۆشنبیركردنە كە تاكەكەس دەكاتە ئامانج. 
لەگەڵ پەیدابونی كتێبدا، ڕۆشنبیری لە ئاستە گشتییەكەیەوە، لە زانیارییەوە دەبێتە مەعریفەی تاكەكەس، لە عامییگەراییەوە، دەبێتە ڕۆشنبیریی دەستەبژێر

 

لەگەڵ پەیدابوونی كتێبدا، ڕۆشنبیری لە ئاستە گشتییەكەیەوە، لە زانیارییەوە دەبێتە مەعریفەی تاكەكەس، لە عامییگەراییەوە، دەبێتە ڕۆشنبیریی دەستەبژێر. بۆیە پرسیارەكەش لە گشتەوە كە دەپرسێت بۆ پێویستە مرۆڤ كتێب بخوێنێتەوە، دەبێتە بۆچی دەبێت تاكەكەس كتێب بخوێنتەوە و خوێندنەوەی كتێب چی بە تاكەكەس دەبەخشێت، كە میدیاكانی دیكە پێی نابەخشن. هەروەك دەزانین ئێمە ئیستا لە قۆناغێكی دیكەی ڕۆشنبیرییدا دەژین، كە هەم تا ئەندازەیەك قۆناغی ڕۆشنبیریی زارەكی و بیستنی جێهشتووە و هەم قۆناغێكیشە نیمچە هەڕەشەیەك لە ڕۆشنبیری خوێندنەوە دەكات و هەمیش قۆناغێكە بە خێراییەكی زۆر بەرەو فۆرمێكی دیكەی ڕۆشنبیریی گوشارمان دەخاتە سەر كە بریتییە لە ڕۆشنبیری شاشە و بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەم قۆناغە گەڕانەوەیە بۆ دۆخی ڕۆشنبیریی گشتی و وەرگرتنی زانیاری، نەك مەعریفە و دانایی لە ڕێگەی شاشەوە. لە ئێستادا شاشە هەڕەشەیەكی جیدییە لەسەر تاكەكەس بۆ گێڕانەوەی بەرەو ئاپۆرە و تێكەڵبوونەوەی بە عامییگەرایی، بەڵام نەك بەهۆی ڕۆشنبیری زارەكییەوە، هێندەی ئەوەی بە هۆی ئامرازە مۆدێرنەكانی وەك مۆبایل و شاشە دەستییەكانەوە. هەرسێك ئەم شێوازانەو قۆناغانەی بە دەستهێنانی ڕۆشنبیری گرنگیی خۆیانیان هەیە، بەڵام هیچیان جێگرەوەی بنەبڕی ئەوانیتریان نین.
لە قۆناغی ڕۆشنبیری زارەكییدا، ئەزموونی مرۆیی بابەتی گێڕانەوە بو. زانیارییەكان چونییەك و بۆ هەموان بو. ئەمەش ڕۆڵی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی گرنگی دەبینی تا هەموان هەمان زانیارییان لەسەر هەمان بابەت هەبێت و پێكەوەبون ببێتە پڕۆژەی مانەوە

 

لە قۆناغی ڕۆشنبیری زارەكییدا، ئەزموونی مرۆیی بابەتی گێڕانەوە بوو. زانیارییەكان چوونییەك و بۆ هەمووان بوو. ئەمەش ڕۆڵی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی گرنگی دەبینی تا هەموان هەمان زانیارییان لەسەر هەمان بابەت هەبێت و پێكەوەبوون ببێتە پڕۆژەی مانەوە. ئەمەش هەڵگریی جۆرێك لە ناچارەكی و جەبر بوو، چونكە مرۆڤەكان نەیاندەتوانی بە ئارەزووی خۆیان زانیاری بە دەست بهێنن، بەڵكو دەبوو ئەو زانیارییانە لە ئەزموونی نەوەی پێش خۆیانەوە وەربگرن كە مانەوەیان دابین دەكات. بیگومان ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییەش تاكایەتی بەهێز ناكات و بواری ناداتێ خۆی بێت، یان لە گروپ و ئاپۆرە جیابێتەوە. لە قۆناغی باڵادەستی ڕۆشنبیری كتێبدا، تاكەكەس كەوتە بەردەم ئازادیی هەڵبژاردن و فۆرمێكی ژیانی تاكایەتیانە و هەڵبژاردن لە بە دەستهێنانی زانیاری و مەعریفەدا، بووە تایبەتمەندیی مرۆڤ وەك تاكەكەس. كتێب بەهۆی ئەوەی میدیایەكی تەواو تاكگەرایە، توانی مرۆڤیش لە گروپ بستێنێتەوە و تاكایەتییەكەی بەهێز بكات و بەمەش كاریگەرییەكی گرنگی هەبێت، نەك هەر لە بواری بەخشینی زانیاری لەسەر دنیای دەرەوە، بەڵكو كاریگەرییەكی دەستنیشانكەریشی هەبوو لە بیناكرنی. ناخەكی تاكەكەسدا.
ئەمە جگە لەوەی تاكەكەسی لە دۆخی خۆگونجاندن لەگەڵ گروپ بەهۆی بە دەستهێنانی هەمان بڕی زانیاری كە بۆمانەوەی لە گرووپدا پێویستی پێی هەبو

 

ئەمە جگە لەوەی تاكەكەسی لە دۆخی خۆگونجاندن لەگەڵ گروپ بەهۆی بە دەستهێنانی هەمان بڕی زانیاری كە بۆمانەوەی لە گرووپدا پێویستی پێی هەبوو، ڕزگار كرد و خستییە سەر ڕێچكەی بە دەستهێنانی دانایی و مەعریفە لەسەر خۆی لە جیهاندا. ئەوەی كە دەگوترێت كتێب و خوێندنەوە دەرگای جیهانێكی دیكەمان لەسەر دەكاتەوە، ئەم جیهانە هیچ نییە لەو فەزایە زیاتر كە تاكەكەس لە پرۆسەی خوێندنەوەدا، جیا دەكاتەوە لە ئاپۆرە و گشت.لە قۆناغی ڕۆشبیریی شاشەدا، تاكەكەس چەندە لە تاكایەتی خۆیدا بەرجەستە دەبێت، ئەوەندەش بەرەو ئیگۆیزم و لە هەمان كاتیشدا تێكەڵبوونەوە بە ئاپۆرە هەنگاو  دەنێت. لە بەكارهێنانی فەیسبووك و ئینستاگرام و میدیا ئەلیكترۆنییەكانی دیكەدا، تاكەكەس هەم لەبەر دەم گوشاری مەیلی خۆیدایە بۆ تێكەڵبوون و بینینی لەلایەن ئەوانیترەوە، هەمیش لە بەردەم دابەزینی ئاستی ڕۆشنبیرییدایە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی گشتی. بەڵام لە هەمان كاتیشدا لەبەردەم لە دەستدانی دۆخی تاكبوون و گەڕانەوەیدایە بۆ دۆخی خۆبینینەوە لە خێڵە گەورەكەدا. ئەمە ئەو دۆخەیە كە چەندە تاكەكەسەكان دەیانەوێت تایبەتمەندی خۆیان بپارێزن، ئەوەندەش ڕاپێچ دەكرێنەوە بۆ ناو گشت و لەوێشەوە وەرگرتنەوەی تایبەتمەندییەكانی ئاپۆرە. 
بەكاربەرانی میدیای نوێ، نە وەك ژەمە خواردن و نەوەك نەرێتی پەرستن مامەڵە لەگەڵ ئەم میدیا مۆدێرنەدا دەكەن، نە سێ ژەمە خواردنەكەیان دەخۆن و نە ئەوەشە پێنج فەڕزە نوێژەكانیان بكەن

 

بەكاربەرانی میدیای نوێ، نە وەك ژەمە خواردن و نەوەك نەرێتی پەرستن مامەڵە لەگەڵ ئەم میدیا مۆدێرنەدا دەكەن، نە سێ ژەمە خواردنەكەیان دەخۆن و نە ئەوەشە پێنج فەڕزە نوێژەكانیان بكەن، بەڵكو ئەوان بەردەوام دەخۆن و بەردەوامیش لە عیبادەتدان.  بۆیە  لە بەكارهێنانی ئەمڕۆیی فەیسبووكدا مرۆڤێك دەبینی، لە لایەكەوە  دۆخی ڕزگاربوونەكەی لە كۆمەڵگای نەرێتی بەكار دەهێنێت بۆ تەواوكردنی شەڕ و ململانێكانی لەگەڵ دەسەڵاتی ئاپۆرە بۆ ئەوەی تاكایەتی و دانسقەیی خۆی بپارێزێ و بەرگریی لێبكات، لە لایەكیتریشەوە، بە توندی لە هەوڵی ئەوەدایە بچێتەوە باوەشی ئاپۆرە و خۆی لەگەڵ گشتدا بگونجێنێت و لەگەڵ ڕێوڕەسم و سرووتەكانی پەرستنیدا تێكەڵبێتەوە. ئەم ناكۆك و دژوازییە، هەلێكی زۆر گرنگیی بۆ ڕۆشنبیریی كتێب خوێندنەوە ڕەخساندووە، كە دەمەوێت لیرە بەدواوە قسەی لەسەر بكەم. شتێكی زۆر سەرنجڕاكێش لە ژیانی هاوچەرخدا ئەوەیە كە بیرچوونەوە بەشێكی هەرە سەرەكیی ئەم ژیانەیە. مرۆڤ هیچكات هێندەی ئێستا بە دەست بیرچوونەوەوە گیریی نەخواردووە. ڕەنگە لە بنەمادا بیرچوونەوە تواناییەكی سرووشتەكی مرۆڤ بێت و لەم قۆناغەی ژیاندا پێی گەیشتبێت! ئەگەر وابێت، بیرچوونەوە هیچ نەنگییەكی تێدا نییە، مرۆڤە چەندە بیری دەچێتەوە، ئەوەندەش پێویستی بە خۆبیرخستنەوە هەیە. ئەمەش ڕۆحیی ئەو تەنیاییەی مرۆڤی مۆدێرن بەرجەستە دەكات. بۆ هەر یەكێك لەم دوو حاڵەتەش، چ بیرچوونەوە و چ خۆبیرخستنەوە، لە دنیای هاوچەرخدا ئامێر و ئامرازێكی بیرخەرەوه و خۆبیرخستنەوە شمان هەیە: مۆبایلە زیرەكەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، كە زیاتر لەوەی ئامێرێك بن لە دەرەوەی سۆژە و خودێتی، بەشێكن لە سۆژە و گوزارشی ڕاستەوخۆ لە مەیل و نائاگایی سۆژە دەكەن. ئەمەش گۆڕانێكی گەورەیە لە چاو قۆناغی ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا.

رادیۆ هەمان ڕۆڵی حەكایەتخوانی نێو كولتوری زارەكیی لە كۆمەڵگا نەرێتییەكاندا دەگێڕا. بەڵام كاتێك تەلەفزیۆن پەیدا دەبێت، مرۆڤ تەنیا هەواڵی لەسەر دنیای دەرەكی بۆ نایەت

 

تۆ تەماشای جیاوازیی ڕادیۆ و تەلەفدفزیۆن بكە: ڕادیۆ ئەركیی هەرە سەرەكی بریتیبوو لە برەودان ودرێژەدان بە ڕۆشنبیری گوێ بۆ ئەوەی هەواڵی جیهانمان بۆ بگوێزێتەوە، تا ئێمەش بە تاك و كۆ گوێی بۆ بگرین و بیرمان كەوێتەوە كە لە دەرەوەی ئێمە جیهانێكی ڕەش و سپی هەیە كە لە ڕێگەی دەنگەوە دەمانناسی. ڕادیۆ هەمان ڕۆڵی حەكایەتخوانی نێو كولتووری زارەكیی لە كۆمەڵگا نەرێتییەكاندا دەگێڕا. بەڵام كاتێك تەلەفزیۆن پەیدا دەبێت، مرۆڤ تەنیا هەواڵی لەسەر دنیای دەرەكی بۆ نایەت، بەڵكو هەڵبژاردەیەكی لە فیلتەردراوی لەو دنیایەی بە دەنگ و ڕەنگەوە، بۆ دێتە ناو ژیانی تایبەتی خۆیەوە. لە قۆناغی ڕۆشنبیریی تۆڕی كۆمەڵایەتیدا، نەك هەر بەشێك لە دنیای دەرەكی دێتە ناو ژیانی تایبەتی ئێمەوە، بەڵكو ئێمەش بەشێكی زۆر لە ژیانی تایبەتی خۆمان وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دنیای دەرەكیی، دەكەینە بەشێك لە ژیانی تایبەتی كەسانیتر. بەردەوام بیری ئەوانیتری دەخەینەوە كە ئێمە لێرەین، چونكە بەردەوام ئەو هەستەمان هەیە كە ئەوانیتر ئێمەیان بیرچۆتەوە.

كتێب ڕێك بە پێچەوانەی كولتووری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕی كۆمەڵایەتی و شاشە زیرەكەكانەوە، كاری خۆی دەكات

 

مەیلی خۆبیرخستنەوە، ئاشكراكەری ترسی بیرچوونەوەیە. بۆیە سۆژەیەكی یەكینە، دانسقە و یەكایەتی لە ئارادا نەماوە، بەڵكو سۆژە و خودێكی لە توپەت و بێكەس و ڕووت و تەنیا لە ئێمەدا هەیە، كە مۆبایلەكەی لێبستێنیتەوە، جگە لە خۆكوژی هیچ پەنایەكی دیكە شك نابات. كتێب ڕێك بە پێچەوانەی كولتووری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕی كۆمەڵایەتی و شاشە زیرەكەكانەوە، كاری خۆی دەكات: سەروكاری كتێب هەمیشە لەگەڵ تاكەكەسێكە كە توانای خۆدابڕكردنی لە گروپ و ئاپۆرە هەیە و جیهانی خۆی نە لە پەیوەندیی و بەپێی خۆگونجاندن لەگەڵ كولتووری باڵادەست، دروستدەكات، بەڵكو لەو زەمەنەدا ئەو جیهانە خودییە دەسازێنێ، كە تیایدا خۆی لە زەمەنێكی گشتی و ئاپۆرەیی دەدزێتەوە. كاتێكیش تێكەڵ بە ئەوانیتر دەبێتەوە، هەمیشە شتێكی پێیە جیاواز و بیناكەر و بەخشندە بۆ ئەوانیتر كە دەتوانن ئەزموونی هاوبەشی لەسەرەوە هەڵچنن. بەبێ ئەم مەوداگرتنەی سۆژە لەگەڵ ئاپۆرە، بەبێ بوێریی خودییانە بۆ جیابوونەوە لە گشت و چوونە خەڵوەتی تەنیایی و سرووتی خوێندنەوەوە، مەعریفەی تاكەكەس گەشە ناكات و پەروەردەی ڕۆحی و پێگەیشتنی دەروونی ڕوونادات.

تەنانەت ئەوانەش كە لە ئاستی چەندایەتی و بەشێوەیەكی ڕواڵەتگەرانە دەخوێننەوە و خوێندنەوەكەیان لە ئاستی لەبەركردنی ناوی نووسەرەكان و ناونیشانی كتێبەكانیان و ڕۆیشتنیان بەپێی مۆدی ڕۆژگار، تێناپەڕێت، بە هەمان بەتاڵایی كەسانێكەوە دێنەوە ناو كۆمەڵگا كە پێیانوایە مۆبایل  و فەیسبووك جێگرەوەی خوێندنەوەی كتێبە 

 

تەنانەت ئەوانەش كە لە ئاستی چەندایەتی و بەشێوەیەكی ڕواڵەتگەرانە دەخوێننەوە و خوێندنەوەكەیان لە ئاستی لەبەركردنی ناوی نووسەرەكان و ناونیشانی كتێبەكانیان و ڕۆیشتنیان بەپێی مۆدی ڕۆژگار، تێناپەڕێت، بە هەمان بەتاڵایی كەسانێكەوە دێنەوە ناو كۆمەڵگا، كە پێیانوایە مۆبایل  و فەیسبووك جێگرەوەی خوێندنەوەی كتێبە جدییەكانە. بۆیە لە بیرچوونەوە بۆ ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە جیاوازە لەو هەست و ترسی لە بیرچوونەوەیەی ئەوانەی داگیركردووە كە بەردەوام پێویستییان بە خۆبیرخستنەوە هەیە. بەكاربەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەم هەست و ترسەیان تێدا بەهێزە و هەر كاتیش دەبێتە هەڕەشەی جیدی لەسەریان یەكسەر پەنا دەبەنەوە سەر پۆست و كۆمێنت و وێنەیەكی دیكە، تا گوزارشت لە مانەوەی خۆیان لەناو تۆڕە جەماوەریی و ئاپۆرەییەكە پێبكەن. بەڵام ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە، بەلایانەوە بیرچوونەوە دۆخێكی ئاساییە، لەوانەیە لە ساتەوەختی یەكەمدا وەك بانگهێشتكردنەوە بێت بۆ دووبارە خوێندنەوەی هەندێك لە بەشەكانی ئەو كتێبە، یان ئەو بابەتەی خوێندراوەتەوە تا هەمدیسان ئەو بەشە لە خۆی بدۆزێتەوە كە جیهانی دەرەكی لە بیری دەباتەوە. جیهانی دەرەكی جیهانێكی بیربەرەوەیە.

ئێمە  لە ڕۆژگارێكدا دەژین بەردەوام و بەبێ وچان و ویستیی خۆمان، زانیاری نوێ ئەڕژێتە ناو چاو و مێشك و هەستەكانمانەوە

 

ئێمە  لە ڕۆژگارێكدا دەژین بەردەوام و بەبێ وچان و ویستیی خۆمان، زانیاری نوێ ئەڕژێتە ناو چاو و مێشك و هەستەكانمانەوە. ڕیكلامەكانی تەلەفزیۆن، شاشەی سەر شەقامە گشتییەكان، ئیدیعایەی كەلوپەلی بازاڕ، بازاڕیی كۆرس و خوێندن و ئاهەنگەكان و هتد. هەندێ لەم زانیاریانە زانیاری درۆزنانەن، بەڵام كاریگەریی كاتیی و دوور مەودایان هەیە بۆ لە بیر بردنەوەی ئەوەی دەیزانین و فێری بووین. خوێندنەوە وەك لەبەركردنی جلێك نیە، كە بەلامانەوە جوانە، یان تێرخواردن نییە لە خواردنێك كە زۆر حەزی لێدەكەین و بە لەبەركردنی و تیرخواردنەكە، ڕازیمان بكات. خوێندنەوە بەردەوامیی گەرەكە و سووربوون، چونكە خوێندنەوە شتێك ناهێنێتە دی، بەڵكو شتێكی تر، تەماعێكی تر دروستدەكات و ویستی ئێمە دەخرۆشێنێ بۆ خوێندنەوەی تر.. كەواتە بەردەوامیی لە خوێندنەوەدا مەرجیی كاریگەریی خوێندنەوە و ئەو گۆڕانەیە كە لە ناوەوەماندا دروستیدەكات و بۆ خودێتی و شوناسی ئێمە لەبەرامبەر هێرشەكانی جیهانی دەرەكییدا پێویسته تا چێژی ئەو ئازادییه بكەین كە خۆمان لە ئەنجامی چالاكییەوە بەدەستیدەهێنن، نەك ئەو كات بەسەربردنەوەی كە پێمانوایە تیایدا ئازادین، بەڵام لەبنەمادا كاتێكە تیایدا دەترسین بیرچووبێتینەوە. 

لە خوێندنەوەدا بیرچوونەوە نییە، بۆی هەیە خۆشاردنەوه، یان خۆگلدانەوە و خۆدزینەوە  هەبێت، بەڵام خوێندنەوە، لە بیری جەستە و ناخمان ناچێتەوە و ئێمە ڕۆژانە بەو سەرچاوانە دەژین

 

بۆ وەڵامی ئەم ترسە ئێمە خۆمان دەكەینە كۆیلەی ئامێرەكانی دەستمان، بەڵام بیرمان دەچێتەوە بە زەخیرەی خوێندنەوەكانمانەوە ، بەو كتێب و وتارانەی خوێندوماننەوە و ئێستا بیرمان نەماون، ئامادەین و لە ژیان و هەڵویستەكانمان بەردەوامیمانن هەیە . بۆیە لە خوێندنەوەدا بیرچوونەوە نییە، بۆی هەیە خۆشاردنەوه، یان خۆگلدانەوە و خۆدزینەوە  هەبێت، بەڵام خوێندنەوە، لە بیری جەستە و ناخمان ناچێتەوە و ئێمە ڕۆژانە بەو سەرچاوانە دەژین، بیردەكەینەوە، هەڵوێست وەردەگرین كە خوێندووماننەتەوە.. ئەمەشتێك نییە لێی بترسین. خوێندنەوە بە گوتنەوە و هەڵڕشتنەوەی ئەوەی خوێندومانەتەوە، ئاشكرا نابێت، خوێندنەوە نابێتەوە بە ڕۆشنبیریی زارەكیی و مەلابەزێن، ئەوانەی زۆر دەڵێنەوە، لە هەموو شتێكدا وای پیشان دەدەن زۆریان خوێندۆتەوە، ڕووشكێنیمان دەكەن و ئەو هەستەمان تێدا دروستدەكەن كە ئێمە هیچمان نەخوێندۆتەوە، باشیان نەخوێندۆتەوە. خوێندنەوە لە بیركردنەوەمان، لە هەڵوێست و ئاكار و دۆستایەتیی و مەسرەفكردنی هەست و شێوازیی ژیان و خواردن و پۆشین و مامەڵەمان لەگەڵ ئاژەڵ و مرۆڤ و ڕووەك و سروشت و دەوروبەر ڕەنگدانەوەی هەیە. من هەمیشە دایكم و نەوە بە ئەزموونەكانی پێشوو، بە خوێندەوارترین مرۆڤیی ناو ژیانم دەزانم، چونكە ئەوانە كەسانێكن  وەكئەوەی هەموو كتێبەكانییان خوێندبێتەوە، بەبێ ئەوەی یەك پیت خوێندەواریی هەبێت. چونكە لە خوێندنەوەدا چەندایەتی گرنگ نییە، چۆنایەتی لە پێشە. 

دنیای ئەمڕۆش كە ئەوەندە بانگەواز بۆ خوێندنەوەی چەندایەتی دەكات و مرۆڤ دەكاتە پەراوێزی ئامێرە زیرەكەكان، ناتوانێت خودێتییەكی نەوعی لە ئێمەدا پەروەردە بكات، ئەوەندەی كە  خودێتی ئێمە بەسەر خۆیدا، بەسەر ئەو مەیل و ئیغرائاتانەدا دابەش دەكات

 

دنیای ئەمڕۆش كە ئەوەندە بانگەواز بۆ خوێندنەوەی چەندایەتی دەكات و مرۆڤ دەكاتە پەراوێزی ئامێرە زیرەكەكان، ناتوانێت خودێتییەكی نەوعی لە ئێمەدا پەروەردە بكات، ئەوەندەی كە  خودێتی ئێمە بەسەر خۆیدا، بەسەر ئەو مەیل و ئیغرائاتانەدا دابەش دەكات، كە دەیخاتە بەردەستمان بۆ ئەوەی هەموو شتێك بكەین تا ئەو ئامێرانە بەدەستبهێنن.. لەم ڕوانگەیەوەیە كە من لەو بڕوایەدام كتێب و شوناسی تاكەكەس پێویستی یەكترین، وەكچۆن كتێب و پێشكەوتنی شارستانییەت پێویستیی یەكترین. هەر بۆیەشە لە دەرەوەی كتێب و ئەوەی كتێب دەیبەخشێت، هیچ میدیایەكی دیكە جێگرەوە نییە. بوونی بازاڕی كتێبی ساختە و نەبوونی خوێنەری كتێب لەم جیهانەدا، لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، كە شارستانییەت بەبێ كتێب نەدەگەیشتنە ئەم ڕۆژگارەی ئێستا و تاكە مرۆڤیش دروست نابێت ئەگەر نەخوێنێتەوە. مرۆڤ بۆ ئەوەی شكۆی خۆی لە شارستانییەتدا بدۆزێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كتێبە نەوعییانەی بەرهەمهاتوون و بوونەتە قیبلەی مرۆڤایەتی لە ڕەوتی پێشكەوتن و كرانەوەی عەقڵیدا، هەروەك چۆن بەبێ خوێندنەوەش تاكە مرۆڤ پەنا بۆ هەر میدیایەكی دیكە ببات، هەڕەشەی چەقبەستوویی عەقڵی و تێكەڵبوونەوە بە ئاپۆرە، دەبێتەوە چارەنووسی. من هەموو فۆرمەكانی خوێندنەوە: گوێگرتن، تەماشاكردنی شاشەی تەلەفزیۆن، مۆبایل و فەیسبووك و سناپ چات و ئینستاگرام بە فۆرمی جیاوازی خوێندنەوە دەزانم، هیچ حوكمێكی پێشینەی باش و خراپم لەسەر هیچكامیان نییە، بەڵام گومانێكی زۆرم هەیە كە هەموو خوێندنەوەیەك ببێتە سەرچاوەی ڕۆشنبیری وەكئەوەی مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ تێگەیشتن لە جیهان و شوناسی خۆی. تەنانەت خوێندنەوەی كتێبیش لە چوارچێوەی كات بەسەربردندا، بە سەرچاوەی ڕۆشنبیریی نازانم. ئەمە ئەو كتێبە زانستی و فەلسەفی و ئایینی و ئەدەبیانەش،  دەگرێتەوە كە كەسەكان بۆ كات بەسەربردن، چاویان پێدادەخشێنن و دەیانخوێننەوە. كتێب بۆ ئەوەی سەرچاوە بێت بۆ ڕۆشنبیریی تاكەكەس، مەرج نییە تەنیا لە فۆرمی كتێبدا بێت، بەڵكو پێویستە ناوەڕۆك و پەیامی ئەو كتێبە هەڵگری ئەو بەهایانە بێت كە بەشداریی دەكەن لە ئازادكردنی عەقڵی مرۆڤ و شوناسی پێدەبەخشن لە جیهانێكدا كە شوناس لەتوپەت دەكات. ئەو كتێبانە لە لیستی كتێبە گرنگەكانی مندا نین كە زۆرترین 

كتێب كاتێك هەڵگری بەهایە كە بەهابەخش بێت و بەشداریی بكات لە فراوانكردنی جیهانی هاوبەشی مرۆییماندا. زیادەیەك بخاتە سەر تێگەیشتنەكانمان لەسەر خۆمان و جیهان و ئامادەمان بكاتەوە بۆ بەردەوامی

 

خوێنەرانێكیش لە دەوری خۆیان خڕ دەكەنەوە و وەك خواردنگە خێراكان كەسەكان ڕیز دەكەن بۆ وەرگرتنی بابۆڵەیەك یان پاروویەكی ئامادەكراو. چارەنووسی ئەم جۆرە كتێبانە هەر هەمان چارەنووسە كە كاغەزی پارووەكان لە دوای تێركردنمان بە سەتڵەكانی خاشاك دەسپێرن، ئەوانیش پاش چاوپێداخشاندن و خوێندنەوەیان، له بیر دەكرێن. كتێب كاتێك هەڵگری بەهایە كە بەهابەخش بێت و بەشداریی بكات لە فراوانكردنی جیهانی هاوبەشی مرۆییماندا. زیادەیەك بخاتە سەر تێگەیشتنەكانمان لەسەر خۆمان و جیهان و ئامادەمان بكاتەوە بۆ بەردەوامی. پشتگیریی خانەی چاپ و ڕەواجدانیان بە جۆرە كتێبێك، كە ئەوان بۆ مەبەستی پڕفرۆشی و قازانج، خوێنەری پێ ئیغرا دەكەن و دەیانخەنە لیستی كتێبە پڕفرۆشەكانەوە، تەئمینی بەخشندەیی و ڕۆڵی كاریگەری كتێب لە جیهانی تاكەكەسی و مرۆیی ئێمەدا ناكات. ڕۆڵی ئەم دەزگایانەی پەخش جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ ڕۆڵی ئەو بازرگانانەی جلوبەرگدا نیە كە لەپێناوی قازانجی خۆیاندا كۆمەڵگا بە جۆرێكی تایبەت یەكپۆش دەكەن.  هەروەها جیاوازییەكیشی نییە لەگەڵ گوتاری ئەو واعیزانەی یەكجۆر بیركردنەوە ڕەواج پێدەدەن و دەیانەوێت كۆمەڵگا وەك خۆیان بیر بكاتەوە. كتێب كاتێك بەخشندەیە، كە ئازادیی ئێمە لە هزرین و هوشاریی ئێمە لە ژیانی مرۆییماندا ئەوەندەبباتە سەرەوە، كە هیچ هێزێك و دەسەڵاتێك نەتوانن ئاراستەمان بكەن.

ئەمە ئەو جۆرە كتێبانەن كە بیرمان بۆ ناكەنەوە، چارەسەرمان ناخەنە بەردەم، پێمان ناڵێن چۆن دەبینە مرۆڤی بەختەوەر و سەركەوتوو و مژدەی لەمجۆرە. بەڵكو كتێبە باشەكان ئەوانەن كە فێرمان دەكەن چۆن بیر بكەینەوە لە دۆخی خۆمان، چۆن بەها بۆ ژیانی خۆمان بگێڕینەوە و چۆن بەردەوام بین لە مەوداگرتن لەگەڵ ئەوەی دەبێت خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین و چۆنیش پانتایی ئازادیی بیركردنەوەمان دەپارێزین بەبێ ئەوەی ئاراستە بكرێن بۆ بیركردنەوەیەكی تایبەت.. بۆیە لە هەر كۆمەڵگایەكی وەكئەوەی ئێمەدا بینیمان كتێب لە قەیراندایە، نابێت هۆكاری سەرەكی ئەمە بگێڕینەوە بۆ ئەوەی كە میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەركەوتنێكی زۆریان بە دەستهێناوە بۆ ڕاكێشانی خوێنەرەكانی دوێنێ ی كتێب بەلای شاشەی مۆبایلەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵكو دەبێت هۆكاری ئەمە بگێڕینەوە بۆ ئەو تێكشكانەی دەزگاكانی بڵاوكردنەوەی كتێبیش كە ڕەواجیان بە كتێبگەلێك داوەو دەیدەن، كە سەرچاوە نین بۆ ڕۆشنبیریی و مەعریفەی تاكەكەس، بەڵكو جۆرێكی دیكەی سەرقاڵكردنین بە بەدەستهێنانی زانیارییەوە كە جێگەی دانایی ڕاستەقینە ناگرێتەوە. 

ئەگەر ئەمانە وەهاش تێگەیشتوون كە زانیاری جێگەی دانایی دەگرێتەوە، نابێت شتێكی زیاتریان لێچاوەڕوان بكەین لەمبارەیەوە، چونكە خۆیان خوێندەواری كتێب نین

 

ئەگەر ئەمانە وەهاش تێگەیشتوون كە زانیاری جێگەی دانایی دەگرێتەوە، نابێت شتێكی زیاتریان لێچاوەڕوان بكەین لەمبارەیەوە، چونكە خۆیان خوێندەواری كتێب نین. ئەوان ڕەواج بەو كتێبانە دەدەن كە خوێنەری ئاپۆرەییان بۆ زیندوو دەكاتەوە، نەك خوێنەری تاكگەرا و خاوەن شوناس.. ئەمانە پەیامەكەیان پێناگۆڕدرێت، تەنیا جۆری عیبادەتەكە و شوێنەكەیان گۆڕیوە.. ئەگەر بە لێشاوی كتێب چاپكردن و خوێنەر خڕكردنەوە بێت لە دەوری كتێب، دەبوو ئێستا شۆڕشێكی گەورەی ئاكاریی و ڕۆشنبیریی لە وڵاتی ئێمەدا ڕوویدابا. بەڵام كاتێك دەچینەوە سەر ئەكاونت و پەیجەكانی ئەو ئاپۆرەیەی كە كڕیاری سەرەكیی ئەم بڵاوكراوانەن، بە ئاشكرا غیابی كتێبمان وەك سەرچاوەی  ڕۆشنبیریی و شوناسی تاكەكەس بۆ دەردەكەوێت.. (ئێمه) یەكی كتێب كڕ دروستبووە، بەڵام (من)ێكی كتێبخوێنەرەوە هێشتا بەڕێوەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP