سەوزترین شوێنى جیهان سێ هەفتەیە لەنێو ئاگردایە
ئەمازۆن ماوەى سێ هەفتەیە ئاگرەكەی كۆنترۆڵناكرێت

- 8/23/2019 10:58:00 PM 100260 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زیاد لە 18 ڕۆژە دارستانى ئەمازۆن ئاگریگرتوە، لە ئێستادا زیاتر لە  دوهەزار و 500 ئاگرى چالاک و تاوسەندو لەنێو دارستانەکەدا بونى هەیە.

دارستانەکانى ئەمازۆن لە 64% ی روبەرەكەی دەکەوێتە سنورى وڵاتى بڕازیلەوە، ئاگرەكەش کەوتوەتە نێو سنورى خاکى بڕازیلەوە، حکومەتى ئەو وڵاتە چەند رۆژە لە هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکەدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتونەبون و ئاگرەکە لە پەرەسەندنى زیاتردایە.

ساڵانە لە کاتە وشک و گەرمەکاندا ئاگر لە دارستانەکە دەکەوێتەوە بەڵام هەرگیز ئەمازۆن  ئاگرى لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە، كە تەنها لە ئەمساڵدا زیاد لە 73 هەزار روداوى ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکەدا رویداوە.

بەهۆى ئاگرەکەوە دوکەڵێکى زۆر بەشێوەى هەورێکى چڕ بەشێکی زۆرى وڵاتى بڕازیلى گرتوەتەوە و تاریکى باڵى بەسەر شارەکانى ئەو وڵاتە کشاندوە، زانایانیش دەڵێن بەهۆى هەبونى رێژەیەکى زۆر ئۆکسجین لە دارستانەکەدا وایکردوە ئاگرەکە خێراتر گەشەبکات و سەختى ناوچەکەش ڕێگرە لە تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە بۆ ئەوەى بەخێرایی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

روداوەکە لە روداوێکى ئاگرکەوتنەوەى سروشتى دەرچوە و بوە  بە روداوێکى سیاسی، لە لێدوانێکیدا جێر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکى برازیل پەنجەى تۆمەت ئاڕاستەى رێکخراوە ناحکومیەکان دەکات و دەڵێت "بە تێگەیشتنى من، ئاگرەکەی دارستانەکانی ئەمازۆن رێکخراوە ناحکومییەکان هۆکارێکن بۆ زیاتر تەشەنەسەندنیان، چونکە ئەگەر ئاگر نەبێت، ئەوان سودی دارایی ناکەن".

لێدوانەکەى سەرۆکى بەڕازیل بوە هۆى توڕەکردنى رێکخراوە نا حکومیەکانى ئەو ولاتەو دژایەتى کردنى بە جۆرێک ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرۆکى بڕازیل دەیەوێت خۆى لە بەرپرسیاریەتى بدزیتەوە و هەڵەکانى خۆى بشارێتەوە.

هۆكاری وتەكانی ژینگە پارێزەکان بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە سەرۆکى بڕازیل لە پێشودا بڕیارى ئەوەى دابو کە روبەرى دارستانەکە لە سنورى وڵاتەکەى کەمبکاتەوە و لەبرى ئەوەدا زەوى پێویست بۆ وەبەرهێنان و کشتوکاڵ دەستبخات و لە لێدوانێکى پێشویدا سەرۆکى بەرازیل وتبوى "یەک کیلۆ لە بەرهەمى کشتوکاڵی بەسود و بەهادارترە لە دارێكی نێو دارستانی ئامازۆن". 

هەر لەبەر ئەوەش رێکخراوە ژینگەییەکانى ئەو وڵاتە سەرۆکى بڕازیل بە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە دەزانن و دەڵێن بڕین و لەناوبردنى دارستانەکە بوەتە هۆى زیاتر تەشەنەسەندنى ئاگرەکە.

دارستانەکانى ئەمازۆن بەهۆى روبەرە فراوەنەکەیەوە زیاتر لە 20% ئۆکسجینى بەرگەهەواى زەوى دابیندەکات، بەهۆى ئەوەشەوە روداوەکە وەک روداوێکى  جیهانى و بەرپرسیارێتیەکى گشتى دەبینرێت و کاردانەوەى جیهانى بەدواداهاتوە،لە نێو ئەوانیشدا  ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فرەنسا لە فەیسبوک لە پۆستێکدا وێنەیەکی ئاگرەکەی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ماڵەکەمان دەسوتێت، دارستانی ئەمازۆن، سییەکانی هەسارەکەمان کە لە 20%ی ئۆکسجین بەرهەمدەهێنێت، ئاگری گرتوە، ئەمە قەیرانێکی نێودەوڵەتیە"، هاوكات بانگهێشتی ئەندامانی لوتکەی G7 ی كردوە و پێیان دەڵێت  "وەرن با گفتوگۆ لەسەر ئەم قەیرانە بکەین لە دو رۆژی داهاتودا".


هەر زو سەرۆکى بڕازیل بەرپەرچى ماکرۆنى دایەوە و گوتى "رێگە بەکەس نادەین دەستوەربداتە کارەکانمان"، وە رەتى کردەوە بابەتەکە بخەنە بەردەم وڵاتانى G7، هاوكات ئێوارەى ئەمڕۆ هەینی،  ماکرۆن وەڵامى سەرۆکى بڕازیلى دایەوە و وتى" بۆلسۆنارۆ درۆى لەگەڵ کردوم دەربارەى هەڵوێستى لەسەر گۆڕانى کەشوهەوا".

هاوتا لەگەڵ سەرۆکى فەرەنسا، زۆرێک لە سەرکردەکانى ئەوروپا وەک سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا و ئەڵمانیا نیگەرانی خۆیان بەهۆى ئاگرەکەوە پیشانداوە، جگە لە سیاسیەکان زۆرێک لە وەرزشوانان و هونەرمه‌ندانى جیهانیش باسى روداوەکەیان کردوە و داواى بەدەمەوەچون و پاراستنى دارستانەکانى ئەمازۆن دەکەن.

دارستانى ئەمازۆن بە فراوانترین و سەوزترین ناوچەى سەرزەوى دادەنرێت و بەهۆى ئەو رێژەزۆرەى ئۆکسجین کە بەرهەمى دێنێت ناوى سییەکانى زەوى لێنراوە، روبەرى دارستانەکە 5.5 ملیۆن کیلۆمەتر دوجایە،  هەڵکەوتەى جوگرافیاکەى دەکەوێتە نێوان وڵاتانى بڕازیل، کۆڵمبیا،پیرۆ،ڤێنزویلا،بۆلیڤیا وە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP