ژوری بازرگانی ئەمریكا داوایەكی ترەمپ سەبارەت بە چین رەتدەكاتەوە

- 8/23/2019 8:11:00 PM 2886 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش ئەوەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای لە كۆمپانیا بازرگانیەكانی وڵاتەكەی كرد چین جێبهێڵن و وڵاتێكی تر بدۆزنەوە لە شوێنی، ژوری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە راگەیەندراوێكدا ئەو داوایەی ترەمپ-ی رەتكردەوە.

رەتیكردەوە خواستی دۆناڵد ترەمپ بەجێبهێنێت

ژوری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەمیانی راگەیندراوێكیدا رەتیكردەوە خواستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە جێهێشتنی چین و دۆزینەوەی شوێنگرەوە بۆ ئەو وڵاتە بەجێبهێنێت.

لە راگەیەندراوەكەدا، مایرۆن بریڵیانت، جێگری سەرۆكی جێبەجێكاری ژوری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەكردوە "داواكاریەكەی دۆناڵد ترەمپ ەتدەكەنەوە بۆ پەیداكردنی جێگرەوەی چین لەلایەن كۆمپانیا ئەمریكیەكانەوە".

باوەڕمان وایە پابەندبونی بنیادنەرانە رێگای گونجاوە

راشیگەیاندوە "لەكاتێكدا هاوهەستین لەگەڵ سەرۆكی وڵاتدا سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمدواییە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە پابەندبونی بنیادنەرانە رێگای گونجاوە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە".
 
راگەیەندراوەكەی ژوری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە وەڵامی بڵاوكراوەیەكی ترەمپ-دایە، كە ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر داوای لە سەرجەم ئەو كۆمپانیا ئەمریكیانە كرد كە لە چین كاردەكەن، لەو وڵاتە بچنە دەرەوە و شوێنگرەوەی بۆ پەیدابكەن".

لە تویتەكەیدا ترەمپ نوسیویەتی "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوادا وڵاتەكەمان تریلیۆنان دۆلاری لەدەستداوە بەهۆی چین-ەوە، ئەوان هەمو بەهرە و بەرهەمەكانی ئێمەیان دزیوە و دەیانەوێت بەردەوامبن لەو كارە".

لە درێژەی نوسینەكیدا ترەمپ رایگەیاند "داوا لە سەرجەم كۆمپانیاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان دەكەم دەستبەجێ شوێنگرەوەیەك بۆ چین بدۆزنەوە و خێرا ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا و لێرە بەردەوامی بە بەرهەمهێنانەكانتان بدەن".

 

هەر ئەمرۆ هەینی، وەزارەتی بازرگانی چین ئەمرۆ هەینی بڵاویكردەوە "بە رێژەی لەسەدا 5 و لەسەدا 10، باجی بۆ سەر پێنج هەزار و 78 بەرهەمی جیاواز زیاددەكات، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە هەناردە دەكرێن.

ئەو هەنگاوەی چین راگەیەندراوێكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دێت، كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند، "لە پلانیدا هەیە بە رێژەی لەسەدا 10 و بە بڕی 300 ملیار دۆلار باج بخاتە سەر كەلوپەلەكانی وڵاتی چین و بڕیارەكەش لە سەرەتای ئەیلولەوە جێبەجێدەكرێت".

پاش ئەو راگەیەنردراوە بە دو هەفتە، ترەپم بریاریدا زیادكردنی باجەكە بۆ سەر كەلوپەلەكانی چین دوابخات بۆ مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، كە ئامێری كۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەك و كەلوپەی دیكە دەگرێتەوە، ئەوەش لەپێناو زیان نەگەیاندن بە فرۆشیارە ئەمریكیەكان پێش پشوی سەری ساڵ.

 

نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP