بەپەلە

بەغدادی شوێنگرەوەی بۆ خۆی دیاریکرد

- 8/23/2019 7:17:00 PM 11020 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆکی ڕێكخراوی چەكداری داعش، ئەفسەرێكی سوپای پێشوی عێراقی خستە شوێنی خۆی، كە بەپێی رۆژنامە جیهانیەكان ئەفسەرەكە ئەندامی پێشوی رژێمی بەعسە و نازناوی "پرۆفیسۆر"ی هەیە.

بوەتە بەرپرسی كاروبارەكانی داعش لە عێراق

رۆژنامەی تایمز-ی بریتانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند "عەبدوڵا قارداش، كە یەكێكە لە ئەندامانی شوێنكەوتوی سەدام حسێن، سەرۆكی پێشوی عێراق  و ڕژێمی بەعس، لە ئێستادا بوە بە سەرپەرشتیاری ڕێكخراوی چەكداری داعش لە عێراق.

بەڵگەیە لەسەر خراپی تەندروستی بەغدادی

بەپێی راپۆرتەكەی تایمز، دانانی قارداش لە شوێنی بەغدادی، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دۆخی تەندروستی ئەو سەركردەیەی داعش خراپە، پاش ئەوەی لە ساڵی 2017 دا لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەیەكی سەربازی هاوپەیمانان بە سەختی برینداربو.

لە گرتوخانە یەكدییان ناسیوە

زانیاریەكانی ناو راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكەن، قارداش کە بە "پرۆفیسۆر" ناسراوە، ئەندامێكی پلەداری سەربازی رژێمی بەعس بوە لە سەردەمی سەرۆكایەتی سەدام-دا و لەكاتێكدا ساڵی 2003 بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندیان بە رێكخراوی ئەلقاعیدەوە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە لە بەسڕە زیندانیكراون، بەغدادی ناسیوە و لێی نزیكبوەتەوە.

لەوبارەیەوە رۆژنامە بریتانیەكە دەڵێت "لەوكاتەوە و لەناو زیندان، بەغدادی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی وەرگرتوە و ژمارەیەكی زۆر زیندانی، كە بە سەدان كەس دەخەمڵێندرێن، بەهۆی بەغدادیەوە ئەو ئایدیۆلۆژیا تودەیان وەرگرتوە".

مێشكی چەندان كەسی شۆردوەتەوە

عەبدوڵا قارداش، كە تا ئێستا تەمەنی نەزانراوە، بە گوێرەی راپۆرتەكە لەكاتەوە لەگەڵ بەغدادی كاری كردوە و لە عێراق "مێشكی چەندان كەسی شۆردوەتەوە" و كاری توندوتیژی پێ ئەنجامداون.

قارداش-ی هەڵبژاردوە تا كاری رێكخراوەكە و بنیادنانەوەی بگرێتەدەست

شارەزایانیش دەڵێن "بەغدادی قارداش-ی هەڵبژاردوە، تا كاری رێكخراوەكە و بنیادنانەوەی بگرێتەدەست، پاش ئەوەی لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە تەواوەتی شكستهێنانیان راگەیەندرا لە سەرجەم ناوچەكانی عیراق و سوریا".

 

ئەو راپۆرتەی تایمز لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردودا، سەرجەم راپۆرتە جیهانی و نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەكانی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و عێراق، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگن)، ئاماژە بە سەرلەنوێ سەرهەلدانەوەی داعش دەكەن لە كۆتایی ئەمساڵدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP