لە دو روداوی جیاوازدا سێ گەنج خنكان

- 8/23/2019 6:38:00 PM 8484 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە ئەنجامی مەلەكردنیان، ئەمڕۆ دو گەنج لە زێی بچوک لە سنوری ئیدارەى راپەڕین و گەنجێکیش لە بەنداوی سماقوڵی گیانیانلەدەستدا.

بەڕێوبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست خەندان کەوتوە، بڵاویكردەوە،" کاتژمێر سێ و 30 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، دو تەرم بەناوەکانی ( ڕ .ئـ . هـ ) ڕەگەزی نێر و لەدایکبوی ساڵی 1999 پیشەی خوێندکار دانیشتوی قەڵادزێ گەڕەکی شەهیدان، وە ( ع . ئـ. ح) لەدایکبوی ساڵی 1999 پیشەی کچی ماڵ، دانیشتوی قەڵادزێ گەڕەکی ئاشتی گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ".

نەیتوانیوە لە ئاوەكە بێتە دەرەوە

 

پۆلیسى راپەڕین دەربارەى چۆنیەتى رودانی روداوەکە رایگەیاند"لەکاتێکدا خێزانی کچەکە بەمەبەستی گەشتوگوزار چونەتە زێی بچوک، پاش ئەوەی کچەکە دەچێتە ناو قوڵایی ئاوەکە بەمەبەستی مەلەکردن نەیتوانیوە لە ئاوەكە بێتە دەرەوە و بەو هۆیەوە خنكاوە".

هەوڵیداوە كچەكە رزگاربكات بەڵام ئەویش خنكاوە

دەربارەى هۆى خنکانى ئەو گەنجەی لە هەمان ئاودا خنكاوە، پۆلیسى ڕانیە ئاماژەی بەوەكردوە" کوڕەکە بەمەبەستی ڕاوە ماسی چۆتە هەمان شوێن و وەکو ئەرکێکی مرۆڤایەتی چۆتە ناو ئاوەکە بەمەبەستی ڕزگارکردنی کچەکە، بەڵام ئەویش خنکاوە".

پۆلیسى راپەڕین راشیگەیاند "پاش ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمی ئەو دو گەنجە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، تەرمەكانیان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەكردندا، لە بەنداوی سماقوڵی  خنکاوە

هاوكات، هەرئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە "هاوڵاتیەک بەناوی یوسف خەتاب عومەر، كە تەمەن 17 ساڵ بوە و دانیشتوی شاری هەولێرە، بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەكردندا، لە بەنداوی سماقوڵی  خنکاوە و دوای دو كاتژمێر لەلایەن تیمی مەلەوانی ئەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە".


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP