پاش سزا گومرگیەكانی چین بۆ سەر بەرهەمەكانی ئەمریكا، نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی

- 8/23/2019 5:39:00 PM 2667 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش ئەوەی حكومەتی چین رایگەیاند، بڕی 75 ملیار دۆلار باج دەخاتە سەر كەلوپەلەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهان دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی.

بە رێژەی لەسەدا دو دابەزینی بەخۆوە بینیوە

بەپێی پێگە بازرگانیەكانی جیهان، دەستبەجێ پاش راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت سەپاندنی باج بەسەر كەلوپەلەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان بە رێژەی لەسەدا دو دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

برێنت بە رێژەی لەسەدا 1.9 دابەزی

پێگەی بازرگانی جیهانی بلومبێرگ بلاویكردوەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ هەینی، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لەسەدا 1.9 دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێك لەو بەرهەمە گەیشتە 58.78 دۆلار، لەكاتێكدا بەیانی ئەمڕۆ نرخی یەك بەمیل نەوتی برێنت بە 59.92 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

هاوكات نرخی نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا، بە رێژەی لەسەدا 2.82 دابەزینی بەخۆوە بینی و لە كۆتا مامەڵەی ئەمڕۆیدا نرخی یەك بەرمیل نەوت لەو بەرهەمە گەیشتە 53.79 دۆلار.

دابەزینی بەرچاو لە نرخەكانی نەوتدا پاش ئەوەدێت، لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی بازرگانی چین ئەمرۆ هەینی بڵاویكردەوە "بە رێژەی لەسەدا 5 و لەسەدا 10، باجی بۆ سەر پێنج هەزار و 78 بەرهەمی جیاواز زیاددەكات، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە هەناردە دەكرێن.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #چین #ئابوری

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP