هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

توركیا: لە ئیدلیب ناكشێینەوە

- 8/23/2019 5:19:00 PM 3270 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەكەی ئەو خالە چاودێریەی سوریا جێناهێڵن، كە لە ئێستادا لە لایەن هێزەكانی سوپای سوریاوە گەمارۆدراوە لە باشوری ئیدلیب.

بە هیچ شێوەیەك ئەو ناوچەیە جێناهێڵین

پاش چەند خولەكێك لە راگەیەندراوێكی حكومەتی دیمەشق، سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی دوایین ناوچەی حەما لە باكوری سوریا و كۆنترۆڵكردنی ناوچەی مورك كە خاڵێكی چاودێری سوربازی توركیای تێدایە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند "بە هیچ شێوەیەك ئەو ناوچەیە جێناهێڵین".

ئەو ناوچەیە جێناهێڵین چونكە نامانەوێت جێیبهێڵین

لەمیانی لێدوانە رۆژنامەوانیەكەیدا، وەزیری دەرەوەی توركیا وتی "ئێمە ئەو ناوچەیە جێناهێڵین چونكە خۆمان نامانەوێت جێیبهێڵین، نەك لەبەر نەتوانینمان بێت بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە".

رەتیكردەوە ئەو ناوچەیە كۆنترۆڵكرابێت

هاوكات پێچەوانەی راگەیەندراوەكانی هەریەك لە حكومەتی دیمەشق و روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ سەبارەت بە كۆنترۆڵكۆدن ناوچەی مورك كە خاڵی نۆیەمی چاودێری سەربازانی توركیای تێدایە، چاوشئۆغڵو رەتیكردەوە ئەو ناوچەیە كۆنترۆڵكرابێت و رونیكردەوە "هێزەكانی رژێمی سوریا لە سنوری خۆیاندا چالاكی ئەنجامدەدەن".

بە زوترین كات لەگەڵ روسیا و ئێران گفتوگۆ ئەنجامدەدەن

ئاماژەی بەوەشكرد "سەبارەت بە دۆخی سوریا بە گشتی ئەو پێشهاتانەی لەمداوییەدا لە ناوچەكانی ئیدلیب و حەما و خان شیخون و دواترینیشیان كە مورك-ە رویانداوە، بە زوترین كات لەگەڵ هەریەك لە روسیا و ئێران گفتوگۆ ئەنجامدەدەن".

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەكاتێدایە، كەمێك لەمەوبەر، هەریەك لە حكومەتی سوریا و روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایانگەیاند، رژێمی دیمەشق توانیویەتی بە تەواوی ناوچەكانی حەما كۆنترۆڵبكات و بنكەیەكی چاودێری سوربازی توركیا گەمارۆبدات كە تا ئێستا چارەنوسی سەربازانی نادیارە.


نیشانەکردن :

#ئیدلیب #تورکیا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP