مالیكی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند لە ئیسرائیل دەكات

- 8/23/2019 3:28:00 PM 4896 جار خوێندراوەتەوە

خەندان

نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق، رایگەیاندوە، ئەگەر سەلمێنرا ئیسرائیل لەپشت هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر بنكەكانی حەشدی شەعبییە، وەڵامی توندی دەدەینەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئەلحورەی ئەمریكی، نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشوتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون، دوای لێدوانی ئەمریكییەكان كە وتوبویان ئیسرائیل هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامداوە، لێدوانێكی رۆژنامەوانی بڵاوكردەوە.
بەردەوامی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی عێراق، دەبێتە هۆی گەواستنەوەو راكێشانی ململانێكانی زیاتر لە دەوڵەتێك بۆ ناو عێراق لەوانەش ئێران

 

نوسینگەی مالیكی لە زاری سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانونەوە رایگەیاندوە،"بەردەوامی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی عێراق، دەبێتە هۆی گەواستنەوەو راكێشانی ململانێكانی زیاتر لە دەوڵەتێك بۆ ناو عێراق لەوانەش ئێران".

ئەگەر سەلمێنرا ئیسرائیل لەپشت هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر بنكەكانی حەشدی شەعبییە، عێراق وەڵامی توندی دەداتەوە

 

نوری مالیكی هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و وتویەتی، ئەگەر سەلمێنرا ئیسرائیل لەپشت هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر بنكەكانی حەشدی شەعبییە، عێراق وەڵامی توندی دەداتەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون داواشیكردوە كە عێراق و هەمو وڵاتانی ناوچەكە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بگرنە ئەستۆ.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویكردوەتەوە، كە ئیسرائیل بۆردومانی كۆگایەكی چەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی كردوە لەباكوری بەغدا لە مانگی تەموزی رابردودا.

رۆژنامەكە لەزاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویشیكردوەتەوە كە لەو كۆگایەوە چەك گواستراوەتەوە بۆ سوریاو توانراویش موشەكێك لەناوببرێت كە مەودای هەڵدانی 200 كیلۆمەتر بوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە كە بەپشت بەستن بە وتەی ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە، ئیسرائیل هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوی عێراقی ئەنجامداوە، ئەوەش بەبیانوی پشتگیریكردنی حەشدی شەعبی لە ئێران و دژایەتیكردنی ئەمریكا لە خاكی عێراق.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP