هێنانە ناوەوەی تەماتە قەدەغەكرا
بێگەرد تاڵەبانى باس لە بەگەڕخستنەوەی دو کارگەی دۆشاوی تەماتە دەكات

- 8/22/2019 11:15:00 PM 4278 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بێگەرد تاڵەبانى، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، تەئكیدی لە قەدەغەكردنی هێنانە ناوەوەی تەماتە كرد لە دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان و راشیگەیاند،سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەگەڕخستنەوەی دو کارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجە و هەریر".

لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆرى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بە ناونیشانى (ئەم بریارە بۆچى؟) بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژە بە قەدەغەکردنى هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە دەکات و دەڵێت "ئەمڕۆ بڕیارماندا هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغەبکرێت". 

دەربارەى کارپێکردنى بڕیارەکە وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم دەڵێت"بڕیارەكە كاری پێدەكرێت تاكو ئەو كاتەی بازاری ناوخۆیی هەرێم پێویستی بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەكردن".

ناوبراو باسی دۆخى جوتیاران دەکات و دەڵێت "ئێمە لە پێناو پاراستن و پێشخستنی بەروبومی كشتوكاڵی ناوخۆیی بڕیارەکەمان دا، بەهیواین ئەم بڕیارە هەموان سودمەند بکات، چونکە خوازیارین جوتیاران هان بدەین و قازانج بکەن".
جوتیاران تا ئاستی پێویست سود لە بڕیارەکەمان وەربگرن و زیادەڕۆیی نەکەن بە بەرزکردنەوەی نرخی بەروبومەکان و ناچارمان نەکەن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەکاربەران دەستبەرداری بڕیارەکەمان ببین

 

وەزیری كشتوكاڵ هۆشیارى دەداتە جوتیاران و رایگەیاندوە"هیواخوازین جوتیاران تا ئاستی پێویست سود لە بڕیارەکەمان وەربگرن و زیادەڕۆیی نەکەن بە بەرزکردنەوەی نرخی بەروبومەکان و ناچارمان نەکەن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەکاربەران دەستبەرداری بڕیارەکەمان ببین". 

لەكۆتایشدا ئاماژەی بەوەكردوە"سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەگەڕخستنەوەی دو کارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجە و هەریر و لەگەڵ چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک کارگەی لەقتونانی سەوزە و میوە و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراکى".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP