سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق تاوتوێی ڕەوشی ئەمنییان کرد
داواكرا لە بارەی تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لێكۆڵینەوە ئەنجامبدرێت

- 8/22/2019 8:12:00 PM 596 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمرۆ پێنجشەممە، ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق  لە کۆشکی سەلام لە بەغدا كۆبونەوە و ڕەوشی ئەمنی وڵات بە گشتی و تەقینەوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی بە تایبەتی تاوتوێکرا.

سیاسەتی دروستكردنی پشێوی لە وڵات رەتكرایەوە

لە كۆبونەوەكەدا، بڕیاردرا لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارە نیشتیمانیەكانەوە، بە وردی لێکۆڵینەوە لەبارەی تەقینەوەكانی ئەمدواییانەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی ئەنجامبدرێت و زانیاری كۆبكرێتەوە، ھاوکات هەرسێ سەرۆكایەتیەكە لەسەر بەردەوامی پابەندبونی عێراق بە ناوەڕۆکی (بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسەتی یەکگرتوی عێراق) سەبارەت بە دوا پێشھاتە ئەمنیەکانی ناوچەکە بریاریان دوپاتركدەوە، كە ناوەرۆکی بەڵگەنامەکە جەخت لە گرنگی بەھێزکردنی یەکڕیزی سیاسی ناوخۆیی دەکاتەوە و داکۆکیدەكات لە بنەمای پارێزگاریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق، لە هەمانكاتیشدا سیاسەتی جەمسەرگیری و ڕەتکردنەوەی یەکتر و دورگرتنی عێراق لەوەی بکرێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە رەتدەكاتەوە.

 

لە کۆبونەوەکەدا، سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق ئاماژەیان بەگرنگی پابەندبون بە ھەڵویستی دەوڵەتی عێراق کرد، بە ھەمو دەزگا جێبەجێکار و یاساییەکانییەوە، کە پێشتر خۆی یەکلایی کردوەتەوە لە رودانی ئاڵۆزی و شەڕ، كە پێویستە عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووری و ھاریکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.

گرنگە هەمو هەوڵەكانی پاشماوەكانی داعش تێكبشكێندرێت

 

لەو چوارچێوەیەدا، هەرسێ سەرۆكایەتیەكە جەختیانكردەوە لەسەر بەرپرسیاریەتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستورییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و مافەکان و مۆڵک و سامانی ھاوڵاتیان، ھەروەھا ڕێککەوتن لە سەر چاوەڕوانکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بڕیاردان لە سەر ھەڵوێستێکی یەکگرتوی عێراق، کە مافەکانی عێراق و ئاسایش و سەربەخۆیی و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، ھاوکات گرنگی بەدواداچونی زانیاری ھەواڵگری و ئەمنی ورد لە بارەی تیرۆریستانی داعش دوپاتكرایەوە و، بە مەبە ستی ڕێگرتن لە دوبارە خۆ ڕێکخستنەوەی ئەو رێكخراوە تا بە یەکجاری لە ناوببرێن. 

ستایشی رۆڵی سەرجەم هێزە چەكدارەكان كرا

 

لە هەمانكاتدا، قارەمانیەتی و ڕۆڵی نیشتمانی ھێزە سەربازییەکان بە گشت پێکھاتەکانییەوە لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھۆزەکان لە جەنگی دژ بەتیرۆریستان و قوربانییەکانی ئەو ھێزانە لە لایەن هەر سێ سەرۆكایەتیەكەوە بەرزنرخێندرا، ھەروەھا ڕێز و پێزانینیان بۆ حەشدی شەعبی وەک بەشێکی کاریگەر لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی عێراقی دەربڕی و پێویستی جێبەجێکردنی فەرمانی دیوانی تایبەت بەپەیوەندی حەشد بەسیستەمی بەرگری نیشتمانیەوە دوپاتكرایەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، پێداگریان کرد لەسەر ئەوەی دەبێت ھەر بڕیارێکی ئەمنی و سەربازی و ھەر ڕێگاپێدانێکی لەو بارەیەوە، بەپێی بڕگەکانی دەستور تایبەت دەبێت بە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەوە، لە بەرئەوە دەبێت ھەمو دامەزراوەکان و سەرکردە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکان پابەندبن بەو بڕیارەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP