رۆژی فرۆشتنی ژمارە نایابەكانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هەڵەبجە دیاریی كرا

- 8/22/2019 7:00:00 PM 6616 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و لیژنه‌ی باڵای فرۆشتنی ژماره‌ نایابه‌كانی تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كانی پارێزگاكە، رۆژی فرۆشتنی چه‌ند ژماره‌یه‌كی ئۆتۆمبێل به‌ شێوه‌ی ئاشكرا دیاریكرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێك، لە كۆبونەوەی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و لیژنه‌ی باڵای فرۆشتنی ژماره‌ نایابه‌كانی تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، كە تیایدا سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌ و نوێنه‌ری داواكاری گشتی وه‌ك چاودێر ئامادەی بون، ڕۆژی 2019/9/16 دیارییكرا تا تابلۆكانی ژماره‌ 1-9  بخرێته‌ زیادكردنی ئاشكراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕیاردراوە رێككارەكانی فرۆشتنی تابلۆكان به‌ پێی یاسای ژماره‌ 32ی ساڵی 1986 بێت.

پێشتر بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە، چەندین جارو لە چەند لێدوانێكی جیاوازدا رایانگەیاندبو، كە ئامادەن ژمارە یەكی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە، بە هەر كەسێك بفرۆشن كە زۆرترین پارەی پێ بدات، بەبێ ئەوەی رەوچاوی ئەوە بكەن لە چی نەتەوەیەكە، داواشكرابو كە تابلۆی ژمارە 1988 نەفرۆشرێت وه‌ك رێزێك لە كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP