بەپەلە

عەلی حەمەساڵح داوا دەكات هەركەس بەڵگەی لەسەر گەندەڵی لایە پێی بگەیەنێت

- 8/22/2019 5:31:00 PM 2903 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ده‌یان دۆسیه‌ی دیکه‌ی گه‌نده‌ڵیمان ئاماده‌کردوه‌و له‌ ڕۆژانی ئاینده‌دا ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌ست به‌رپرسانی حکومه‌ت، داواش دەكات هەر كەس زانیاری هەیە لە هەر دۆسیەیەكدا بۆ گەندەڵی پێمانبگەیەنێت.

عەلی حەمەساڵح رونکردنه‌وه‌یەكی له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ گومرگ و ده‌رچونی چه‌ند بڕیارو ڕێنمایه‌ک لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە و رایگەیاندوە،"دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی مانگی ڕابردوو به‌پێی چه‌ند به‌دواداچونێک چه‌ندین گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌مان له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ گومرگ و به‌خشینی گومرگی و سه‌رانه‌ وه‌رگرتن ئاشکرا کرد. دۆسیه‌که‌مان ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد، چه‌ند بڕیارێک ده‌رکرا".

ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌ی که‌ به‌نایاسایی پاره‌یان ورده‌گرت له‌ خۆڵی ئاسنی و هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی دیکه‌، ڕێگریان لێکراو ئێستا ئه‌و کاره‌ نه‌ما

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت،"ئاشکرامانکرد ژماره‌یه‌ک کۆمپانیا به‌ناوی ترانزێت بۆ سوریا کاڵا داخڵی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و گومرگ ناده‌ن، به‌مه‌ش چه‌ندین ملیۆن دۆلار زیانیان له‌ داهاتی ناوخۆ دابو، پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایمان ئاگادارکرده‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی گومرگ ڕاسپێردرا به‌ده‌رکردنی چه‌ند ڕێنماییه‌ک. جێبه‌جێکردنی ئه‌م ڕێنمایانه‌ ڕێگا له‌گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌ ده‌گرێت و چه‌ندین ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی" لەو روەشەوە نوسیویەتی،"چاودێری جێبه‌جێکردنی ده‌که‌ین". 

ئاماژەی بەوەشكردوە،"ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌ی که‌ به‌نایاسایی پاره‌یان ورده‌گرت له‌ خۆڵی ئاسنی و هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی دیکه‌، ڕێگریان لێکراو ئێستا ئه‌و کاره‌ نه‌ما". 

دەشڵێت،"پێشتر سه‌دان کۆمپانیا به‌ناوی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ لێخۆشبونی گومرگیان بۆ ده‌کرا، سه‌دان کۆمپانیاش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ له‌ گومرگ ده‌به‌خشران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌زیانگه‌یاندن به‌ داهات، زیانی له‌ به‌رهه‌می ناوخۆیش دابو، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زیری دارایی بڕیاری پێویستیاندا بۆ ئه‌م دۆسیه‌".

به‌دواداچونێکی وردمانکردوه‌ بۆ خاڵه‌ سنوریه‌کان، که‌ به‌چه‌ندین ڕێگا له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی پڕ گه‌نده‌ڵ و به‌ناوی کۆمپانیا، پاره‌یه‌کی زۆر وه‌رده‌گیرێت

 

عەلی حەمەساڵح ئەوەشیخستۆتەرو،"به‌دواداچونێکی وردمانکردوه‌ بۆ خاڵه‌ سنوریه‌کان، که‌ به‌چه‌ندین ڕێگا له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی پڕ گه‌نده‌ڵ و به‌ناوی کۆمپانیا، پاره‌یه‌کی زۆر وه‌رده‌گیرێت".

دەشڵیت،"کۆی به‌دواداچون و به‌ڵگه‌کان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی. ده‌یان دۆسیه‌ی دیکه‌ی گه‌نده‌ڵیمان ئاماده‌کردوه‌و له‌ ڕۆژانی ئاینده‌دا ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌ست به‌رپرسانی حکومه‌ت".

لە كۆتایشدا داوایكردوە و نوسیویەتی،"تۆش هه‌ر زانیاریه‌کت هه‌بو بۆ گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌ر دۆسیه‌یه‌کدا، تکایه‌ پێمانبگه‌یه‌نه‌ باکاری له‌سه‌ر بکه‌ین". 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP