هەواڵی ئەمڕۆ

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە

- 8/22/2019 4:50:00 PM 6015 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، راگەیەندراوێكیان لەسەر دۆخی ئەمنی و سەربازی بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، عێراق  بۆ هیچ لایەنێك شەڕی بەوەكالەت ناكات.

هەریەك لە دكتۆر بەرهم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و موحەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا-ی پایتەخت كۆبونەوە و سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمدواییەی عێراق و دۆخی ئاسایش و تەقینەوەی گەنجینەكانی چەك راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.

جەخت لەسەر لێكۆلینەوە لە تەقینەوەی گەنجینە سەربازیەكان كرایەوە

لە كۆبونەوەكەدا، جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە لایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كرایەوە، كە شارەزاییان لە لێپێچینەوە لە روداوی تەقاندنەوەی گەنجینەكانی چەك هەیە كە لە ماوەی رابردودا رویاندا.

سیاسەتی دروستكردنی پشێوی لە وڵات رەتكرایەوە

ئەوەش دوپاتكرایەوە كە عێراق بەردەوامدەبێت لە پابەندبونی بە پەیمانی سیاسەتی یەكبونی نیشتیمانی لەبارەی گەشەسەندنەكانی ئاسایشی ناوچەكە، كە لەو پەیماننامەیەدا جەخت لەسەر یەكبونی سیاسەتی ناوخۆ و پابەندبون بە سەروەری خاكی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری دەكاتەوە، هاوكات سیاسەتی دروستكردنی پشێوی لە وڵات و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر هەر وڵاتێكی دراوسێی رەتدەكاتەوە.

بە هەمو شێوەیەك ئەنجامدانی جەنگ بە وەكالەت رەتدەكاتەوە

لە راگەیەندراوەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە عێراق و سەرجەم دامەزاروەكانی بە هەمو شێوەیەك و هەمیشە (ئەنجامدانی جەنگ بە وەكالەت) لەگەڵ هەر هەوڵێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ تێوەگلانی عێراق لە  ململانێ و جەنگ رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا عێراق پێشتر رایگەیاندوە لەپێناو ئاشتی و پێشكەوتن و هاوكاری نێوان هەموان، هەوڵی بینینی رۆڵێكی دانوستانكار و نێوەندگیر دەدات لە ناوچەكەدا.

گرنگە هەمو هەوڵەكانی پاشماوەكانی داعش تێكبشكێندرێت

سەبارەت بە پاشماوەی چەكدارانی داعش، كە لە ئێستادا بەشێكیان لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق خۆیان حەشارداوە، سێ سەرۆكایەتیەكە رایانگەیاندوە "گرنگە هێزەكانی ئاسایش و دەزگاكانی هەواڵگری بەدواداچونی بەردەوام  و ورد ئەنجامبدەن، بە مەبەستی دەستنیشانكردنی پێگەكانیان و هەر هەلێك كە بۆیان بڕەخسێت چالاكی تێدا ئەنجامبدەن تێكبشكێنرێت".

ستایشی رۆڵی سەرجەم هێزە چەكدارەكان كراوە

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، رۆڵی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە سوپای عێراق  و پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی شەعبی بەرز نرخێندراوە لە جەنگەكانی دژ بە تێرۆر و قوربانیدانیان بە ژیانیان بۆ ئەو بابەتە، جەختیش لەسەر هەژماركردنی حەشدی شەعبی لە ریزەكانی هێزی بەرگری نیشتیمانی كراوەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت سەرجەم دامەزراوە سەبازی و ئەمنی و سیاسیەكان لە چوارچێوەی رێساكانی دەستوردا پابەندبن بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP