حکومەتی سوریا هێرشدەکاتە سەر خاڵێکی چاودێری سوپای توركیا له‌ ئیدلب

- 8/22/2019 4:11:00 PM 3536 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
حکومەتی به‌شار ئه‌سه‌د هێرشی کردە سەر هه‌شته‌مین خاڵی چاودێری سوپای توركیا له‌ ئیدلب.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سه‌ربه‌ رژێمی سوریا، به‌ چه‌كی قورس هێرشیان کردۆتە سەر هه‌شته‌مین خاڵی چاودێری سوپای تورکیا لە شارۆچكه‌ی مه‌عره‌ت نوعمان باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئیدلب.
هیچ زیانێكی لێنەکەوتۆتەوە
هه‌شته‌مین خاڵی چاودێری سوپای توركیا له‌ ئیدلب له‌ ناوچه‌ی سیرمان-ه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری شارۆچكه‌ی خان شه‌یخون كه‌ حکومەتی سوریا دوێنێ چوارشەممە گه‌مارۆیداوە.

رژێمی سوریا به‌ هاوكاری روسیا و گروپه‌ چەکدارەکانی دیکە كه‌ ئێران پشتیوانییان ده‌كات ماوه‌ی 10 رۆژه‌ له‌ باشوری ئیدلب له‌ پێشڕه‌ویدایه‌.

له‌ 17ی ئه‌یلوولی 2018ه‌وه كه‌ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی ئیدلب واژۆكراوه‌ تا ئێستا، نزیكه‌ی یەک ملیۆن هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی سنوری سوریا لەگەڵ توركیا كۆچیان كردوه‌.

سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر هێرشه‌كان په‌ره‌بسێنێت بۆ شارۆچكه‌كانی مه‌عره‌ت نوعمان و سه‌راقیب، ئه‌وا ره‌نگه‌ ژماره‌ی ئاواره‌كان بگاته‌ یەک ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س.

رژێمی سوریا له‌ 19ی ئابی 2019دا هێرشی ئاسمانیی كردۆتەسه‌ر كاروانێكی سوپای توركیا كه‌ پێداویستی بۆ نۆهه‌مین خاڵی چاودێری ده‌گواسته‌وه‌ له‌ شاری مۆریك باشوری هه‌شته‌مین خاڵی چاودێری و به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ سێ هاوڵاتی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستدا و 12ی دیكه‌ش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP