هۆشیار عەبدوڵا: پێویستە هەرێم پابەندبێت بەرەوانەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەدا دیاریکراوە

- 8/22/2019 3:57:00 PM 4816 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مانگانە هەمو فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی دڵیان دەکەوێتە "مشتیانەوە و قەلەقن" لەوەی ئەو بڕە پارەیەی ناو بودجەی 2019 لەلایەن بەغداوە ببڕدرێت، دەشڵێت. "پێویستە هەرێم پابەندبێت بەرەوانەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەدا  دیاریکراوە".

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "بەگوێرە لێدوانی وەزیری دارایی هەتا ئێستا هیچ کێشەیەکی سیاسی و دروستنەبوە بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان".

لەبارەی دواکەوتنی پشکی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی کە باسدەکرێت کێشەکە کێشەیەکی تەکنییکیە و پەیوەستە بەپرسی دابەشکردنی موچە لەسەرتاسەری عێراقدا".
بڕیاری خەرجكردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان

 

هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بڕیاری خەرجكردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، پێدەچێت هەفتەی داهاتو موچەی تەواوی فەرمانبەران خەرجبکرێت.

هۆشیار عەبدوڵا وتیشی، "بەپێی یاسای بودجە، موچە لە عێراق بەدو واژۆ خەرجدەکرێت  واژۆیەکیان هی عادل عەبدولمەهدیە و ئەو دیکەیان هی وەزیری داراییە".
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر بێباکانە و زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکەن و تا ئێستا پەبەندبونی خۆیان بەیاسای بودجەی 2019 رانەگەیاندوە

 

رونیشیکردەوە، "زۆر بەداخەوەین مانگانە هەمو فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی دڵیان دەکەوێتە مشتیانەوە و قەلەقن لەوەی ئەو بڕە پارەیەی ناو بودجەی 2019 لەلایەن بەغداوە ببڕدرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر بێباکانە و زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکەن و تا ئێستا پەبەندبونی خۆیان بەیاسای بودجەی 2019 رانەگەیاندوە و ئەو 250 هەزار بەرمیلە رادەستی بەغدا ناکەن".
ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سور دەزانن ناتوانن پارەی مانگێک موچەی فەرمانبەران بدەن بەبێ ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە دێت، بۆچی بەم شێوازە بێمنەتن

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سور دەزانن ناتوانن پارەی مانگێک موچەی هەرێمی کوردستان بدەن بەبێ ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە دێت، ئایا بۆچی بەم شێوازە بێمنەتن لە رادەستنەکردنی ئەو 250 هەزار بەرمیلەی کە بەگوێرەی یاسای بودجە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مانگانە خەڵکی کوردستان بەم شێوازە لە دڵەڕاوکێدا نەبن".
بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێیە بەیەکجاری بڕەوێتەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت و ئەو بڕە نەوتە بنێرێت

 

ئەوەشی خستەڕو، "بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێیە بەیەکجاری بڕەوێتەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت و ئەو بڕە نەوتە بنێرێت بۆ حکومەتی عێراق کە بۆی دیاریکراوە، بەمەش بە بڕێک نەوت کە 250 هەزار بەرمیلە خۆی دەکات بە شەریکی راستەقینە لە کۆی داهاتی نەوتی عێراق کە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دەفرۆشێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP