ئەمازۆن 16 رۆژە دەسوتێت
سەرۆکی برازیل رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمەتباردەکات

- 8/22/2019 2:31:00 PM 2262 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 
لەبەشێک لەدارستانەکانی ئەمازۆن بۆماوەی 16 رۆژە ئاگرکەوتۆتەوە و ریکۆردەکانی ژمارەی سوتانی لەمساڵدا شکاندوە، سەرۆکی برازیلیش رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمەتباردەکات.

بەپێی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، ماوەی 16 رۆژە بەشێک لەدارستانەکانی ئەمازۆن ئاگریان گرتوە و دەسوتێن، سەرۆکی برازیلیش رێکخراوە ناحکومییەکانی بەئەنجامدەری ئەو ئاگرە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند ئامانجیان دروستکردنی کێشەیە بۆ حکومەتی برازیل.
ێژەی سوتانی ئەمازۆن ئەمساڵ لەسەدا 84 زیادیکردوە بەبەراورد بەهەمان کاتی ساڵی رابردو

لەوبارەیەوە پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان رایگەیاندوە بەپێی ئەو وێنانەی لەئاسمانەوە گیراون رێژەی سوتانی ئەمازۆن ئەمساڵ لەسەدا 84 زیادیکردوە بەبەراورد بەهەمان کاتی ساڵی رابردو.

ئەمە لەکاتێکدایە تەنها چەند هەفتەیەک تێپەڕیوە بەسەر دورخستنەوەی سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی وڵاتەکەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی داتاو زانیاری لەبارەی لەدەستدانی ناوچە دارستانەکان لەماوەی دەستبەکاربونی کابینەی نوێی حکومەتی برازیلدا.

ئەمازۆن گەورەترین ناوچەی دارستانی جیهانە کە بەهۆی کەمکردنەوەی رێژەی دایۆکسیدی کاربۆنەوە رۆڵێکی بەرچاوی لەکەمکردنەوەی مەترسییەکانی گەرمبونی گۆی زەویدا هەیە.
سێ ملیۆن توخمی روەک و ئاژەڵ لەئەمازۆندا هەیە، جگەلە بونی نزیکەی یەک ملیۆن خەڵکی رەسەنی ناوچەکە

بەهەمان شێوە نزیکەی سێ ملیۆن توخمی روەک و ئاژەڵ لەئەمازۆندا هەیە، جگەلە بونی نزیکەی یەک ملیۆن خەڵکی رەسەنی ناوچەکە.

بەشێک لەسیاسەتمەدارانی پارتی پارێزگاران بۆلسۆنارۆی سەرۆکی برازیل تۆمەتباردەکەن لەبەرامبەر ئەو کێشەیەی بۆ دارستانی ئەمازۆن دروستبوە، چونکە رێگەی بە جوتیاران و داربڕەوەکان داوە ناوچەکە بسڕنەوە، زانایانیش پێیانوایە لەماوەی هاتنە سەر حوکمی بۆلسۆنارۆوە خێرایی لەدەستدانی ناوچە دارستانییەکانی ئەمازۆن خێراتربوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP