بۆریس جۆنسن چالێنجەکەی مێرکلی قبوڵکرد بۆ چارەسەری پرسی سنورەکانی ئایرلەندا

- 8/22/2019 1:49:00 PM 5798 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا چاڵێنجەکەی ئەنجێلا مێرکڵی قبوڵکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیکە بۆ پرسی سنورەکانی ئایرلەندا لەماوەی 30 رۆژدا.

بەپێی هەوالێکی ئیندیپێندنتی بریتانی، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجێلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا و بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، چاڵێنجەکەی مێرکل بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیکەی پرسی سنورەکانی ئایرلەندا لەماوەی 30 رۆژدا لەلایەن بۆریس جۆنسنەوە قبوڵکراوە و رایگەیاند، ئەوە بەئەرکی حکومەتەکەی دەزانێت و زۆر بەخۆشحاڵییەوە قبوڵی دەکات.
چەندین چارەسەر بۆ پرسی سنورەکانی ئایرلەندا هەبوە، بەڵام پێشتر حکومەت بەجدی ئەو بژاردانەی لەگفتوگۆکاندا نەخستۆتەڕو

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا راشیگەیاند چەندین چارەسەر بۆ پرسی سنورەکانی ئایرلەندا هەبوە، بەڵام پێشتر حکومەت بەجدی ئەو بژاردانەی لەگفتوگۆکاندا نەخستۆتەڕو و نەیکردون بەبەشێک لەبژاردەی چارەسەر.

جۆنسن دوپاتیشی کردەوە کەدەبێت پرسی چارەسەری تەواوەتی سنورەکانی ئایرلەندا نەبەسترێتەوە بەپرسی کشانەوە لەرێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بریتانیا.

پێشتر ئەنجێلا مێرکل و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاندبو کە رێکەوتنی کشانەوە جێگای مشتومڕ و دانوستانی زیاتر نیە. 

پرسی چارەسەرکردنی سنورەکانی ئایرلەندای باکور پاش کشانەوەی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا یەکێکە لەبەربەستەکانی بەردەم گەشتن بەرێکەوتن کە بەدەرچونی بریتانیا گۆڕانکاری بەسەر یاسا بازرگانییەکانی نێوان هەردو لادادێت و تا ئێستا لەوبارەیەوە نەگەشتونەتە چارەسەرێکی کۆنکرێتی.

نیشانەکردن :

#برێکزیت_Brexit

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP