وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: هه‌ر به‌رهه‌مێك پێداویستی ناوخۆ دابینبكات هاورده‌كردنی قه‌ده‌غه‌ دەکەین

- 8/22/2019 1:02:00 PM 2129 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر

هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌كرا و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئه‌وكاته‌ی ته‌ماته‌ی ناوخۆ پێداویستیه‌كانی ناوخۆ دابین ده‌كات ئه‌و بڕیاره‌ كاری پێده‌كرێت.

بڕیارماندا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ له‌ یەکی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا کاتێکی نادیار

 

حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ و دڵنه‌واییكردنی جوتیاران بڕیارماندا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ له‌ یەکی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا کاتێکی نادیار".

ساڵانه‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌ خستنه‌سه‌ر باجی گومرگی به‌رهه‌می هاورده‌ له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ساڵانه‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌ خستنه‌سه‌ر باجی گومرگی به‌رهه‌می هاورده‌ له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ بتوانێت كێبڕكی بكات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هاورده‌، له‌به‌ر نیگه‌رانی جوتیاران بریاردرا هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ به‌یه‌كجاری قه‌ده‌غه‌بكرێت تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ست ده‌كه‌ین به‌رهه‌می ناوخۆ له‌ بازاڕه‌كان هه‌یه‌، هه‌ركاتێكیش ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌ بازاڕ كه‌مبوه‌وه‌ و نرخی گران بو بۆ پاراستنی مافی به‌كار به‌ر ئێمه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین ئه‌وكات بڕیاری تر ده‌ده‌ین له‌سه‌ر هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كان".

هه‌مو رێگایه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ كه‌ زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بابه‌تی پیشه‌سازی كردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانە

 

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی خه‌ندان سه‌باره‌ت به‌ كارگه‌كانی دۆشاوی ته‌ماته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وتی، "هه‌مو رێگایه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ كه‌ زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بابه‌تی پیشه‌سازی كردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان، دو كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ریر و هه‌ڵەبجه‌ ئێمه‌ دیراسه‌ی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین پێویستی ئه‌و دو كارگه‌یه‌ چیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌وه‌ كار".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP