هەواڵی ئەمڕۆ

وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات
کاندیدانی ماستەرو دکتۆرا بەبێ مەرجی زمان دەستبە خوێندنی ئەکادیمی دەکەن

- 8/21/2019 7:34:00 PM 7595 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوەوە و بڕیاریدا کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى.

ئەمرۆ چوارشەمە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کە لە سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان پێکهاتوە و د.ئارام قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتیدەکات، کۆبونەوەیەکی ئاسایی خۆی گرێدا و تێیدا کۆمەڵێک بڕیاری دەربارەى قوتابیانى پۆلی 12 و کاندیدانى  ماستەر و دکتۆرا ڕگەیاند و بەپێی بریارەکان کاندیدانی ماستەرو دکتۆرا چیتر چاوەڕێی کۆرسی زمان ناکەن و دەست بەکۆرسی ئەکادیمی دەکەن. 

ئەنجومەن لەوبارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کەتێیدا لەزاری وەزیری خوێندنی باڵا داوایکردوە "ئەو پڕۆژانەى گرنگ و پێویست و ستراتیژین بۆ زانکۆکانتان بیکەن بە ئەولەویات"
دەربارەى کوالێتى خوێندن لە زانکۆکاندا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەوەداوە "پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کواڵێتى و فەراهەمکردنى ڕەهەندى نێودەوڵەتى و ڕەخساندنى دەرفەتى لەبار بۆ خوێندن و گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کواڵێتى زانستیان و،  ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى بکەن بە خاڵى سەرەکى بەرنامەى کار".

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەن پێویستە کاندیدانی خوێندنی باڵا لەگەڵ بەردەوامبونی خوێندنی ئەکادیمی بەردەوام دەبن لە کۆرسەکانى زمان بەپێی ستانداردەکانى پێشو.

دەربارەى وەرگرتنی خوێندكارانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریداوە پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

ئەمەى خوارەوە کۆى بڕیارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵان کە ئەمڕۆ دەریکردون:
بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:

-کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى (2019-2020) دەردەچێت.
 
-سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى ڕێکەوتى (24/8/2019) پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى خۆیان.
 
-سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.
 
-لە داهاتودا ستراتیژیەتى وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنى سەرجەم سێنتەرەکانى زمان.
 
-لەم خاڵانەى سەرەوەدا ڕەچاوى ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنى کواڵێتى زمانى ئینگلیزى.
 
-سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى  توانستى زمانى ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.
 
-لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.
 
-سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

-بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى - دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.
 
-لەسەر داواى خۆیان و، لەچوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP