هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

مستەفای سەید قادر لەبارەی وادەی دەستبەکاربونی و نیگەرانییەکانی محمد تۆفیق رەحیمەوە دەدوێت

- 8/21/2019 6:34:00 PM 20006 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
مستەفای سەید قادر، کاندیدی دیاریکراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم تایبەت بەخەندان رایگەیاند، لەبەرئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتە نازانرێت کەی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەردەچێت و  دەستبەکاردەبێت.
بڕیارەکە پێچەوانە نیە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان

لەبارەی نیگەرانییەکانی محمد تۆفیق رەحیم، رکابەری ناوبراو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، مستەفای سەید قادر وتی، هیچ کۆمێنتێکی لەوبارەیەوە نیە، بەڵام جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان مافی یەکلایکردنەوەی کاندیدەکانی رادەستی رێکخەری گشتی کردوە و وەزیرەکانیش بەهەمان میکانیزم دانراون، ئەوەش پێچەوانە نیە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و جێگای نیگەرانی نیە.

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، کە تەنها رکابەری مستەفای سەید قادر بوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی لەئەندامێتی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کێشایەوە لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی راگەیاندوە  نیگه‌رانه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خانه‌ى راپه‌ڕاندن.

بەپێچەوانەی ئەم بۆچونەی ئێستای، رۆژی 13ی ئەم مانگە لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان، محمد تۆفیق رەحیم ئەندامی پێشوی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند ئەو هیچ گرفتێکی لەگەڵ بڕیارەکەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا نیەو پابەند دەبێت پێیەوە.

خەندان ئەوەشی زانیوە گۆڕینی بۆ چونی ناوبراو لەبارەی دیاریکردنی مستەفای سەید قادر پەیوەندی بەچەند پرسێکی ناوخۆیی بزوتنەوەکەوە هەیە  کە ناوبراو خۆی بۆ یەکلایی کردبوەوە.

بەپێی رێکەوتنی لایەنە بەشداربوەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دو جێگری دەبێت کە یەکێکیان بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە و ئەو حزبەش شێخ جەعفەر شێخ مستەفای بۆ پۆستەکە دەستنیشانکردوە.

دوێنێش لەراگەیەنراوێکی فەرمیدا بزوتنەوەی گۆڕان دیاریکردنی مستەفای سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP