بەپەلە

واشنتن بڕیاریدا 66 فڕۆكەی F-16 بە تایوان بفرۆشێت

- 8/21/2019 10:44:00 AM 2146 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئیدارەی كۆشكی سپی وڵاتەكەی بڕیاری خۆی سەبارەت بە فرۆشتنی 66 فڕۆكەی جۆری F-16 بە هەرێمی تایوان گەیاندوەتە كۆنگرێس.

كۆشكی سپی بڕیاری خۆی گەیاندوەتە كۆنگرێس  سەبارەت بە رادەستكردنی 66 فڕۆكە بە تایوان 

دوێنێ سێشەممە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند "بە شێوەیەكی فەرمی ئیدارەی كۆشكی سپی بڕیاری خۆی سەبارەت بە رادەستكردنی 66 فڕۆكەی جۆری F-16 و چەند پارچەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بەو چەكەوە گەیاندوەتە كۆنگرێسی وڵاتەكەی".

لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاریكاریە سەربازییە بیانییەكانە

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو بڕیارەی ئیدارەی كۆشكی سپی لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاریكاریە سەربازییە بیانییەكانە، كە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە بەڕێوەدەبرێت و بەهای ئەو چەكانەش كە دەدرێتە تایوان هەشت ملیار دۆلار-ی ئەمریكیە".

ترەمپ رەزامەندی خۆی لەسەر فرۆشتنی فڕۆكەی جۆری F-16 بە هەرێمی تایوان راگەیاندوە

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رەزامەندی خۆی لەسەر فرۆشتنی فڕۆكەی جۆری F-16 بە هەرێمی تایوان راگەیاندبو، سەرەڕای لێدوانەكانی بەرپرسانی چین سەبارەت بە بەرهەڵستی كردنی ئەو هەنگاوەی ئەمریكا.

لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشەلەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین-ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP