لە سلێمانی گۆشتفرۆشی ئازادی بەهۆی فرۆشتنی گۆشتی بەستو داخرا

- 8/21/2019 10:40:00 AM 4431 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه ڤێتێرنه‌ری و ته‌ندروستییه‌كان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت له‌گه‌ڕه‌كی هه‌واری شار دوكانێكی گۆشتفرۆشتن داده‌خات.

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتـێرنه‌ری سلێمانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دوی قایمقامیەت رایگه‌یاند، به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌ت و سه‌رپێچیكردن له‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن به‌تایبه‌ت ڤێتێرنه‌ری و ته‌ندروستییه‌كان و هه‌بونی گۆشتی بێمۆر و به‌ستو، لیژنه‌ی دوی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان دوكانی گۆشتفرۆشتنی ئازادی له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌وای شار داده‌خات.
 یه‌كێك له‌ سه‌رپێچییه‌كانی گۆشتفرۆشی ئازادی، هه‌بونی گۆشتی به‌ستوه‌‌، به‌ نرخی گۆشتی فرێش و خۆماڵی به‌هاوڵاتیانی فرۆشتوه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یه‌كێك له‌ سه‌رپێچییه‌كانی گۆشتفرۆشی ئازادی، هه‌بونی گۆشتی به‌ستوه‌‌، به‌ نرخی گۆشتی فرێش و خۆماڵی به‌هاوڵاتیانی فرۆشتوه‌، ئه‌مه‌ش فێڵێ بازرگانییه‌ و یاسا رێگری لێده‌كات و سزای توندی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. 

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د وتیشی، گۆشتفرۆشی ئازادی گۆشتی بێمۆری فرۆشتوه‌، به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان‌ رێگری له‌ فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر ده‌كرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ له‌ كوشتارگه‌ پشكنینی پێش و پاش سه‌ربڕین و دواتریش جارێكی تر پشكنین بۆ گۆشته‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دراوه‌، به‌مه‌ش گومانی هه‌بونی نه‌خۆشییه‌كانی لێده‌كرێت، به‌تایبه‌ت نه‌خۆشییه‌ هاوبه‌شه‌كانی ‌نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ (مرۆژه‌ڵییه‌كان).
خاوه‌نه‌كه‌ی پێشتر گۆشتی به‌شێوه‌ی قیمه‌ ئاماده‌كردوه‌‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی گۆشته‌كه‌ نادیاره‌ و نازانرێت گۆشتی چ جۆره‌ ئاژه‌ڵێكه‌ 

 

راشیگه‌یاند، خاوه‌نه‌كه‌ی پێشتر گۆشتی به‌شێوه‌ی قیمه‌ ئاماده‌كردوه‌‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی گۆشته‌كه‌ نادیاره‌ و نازانرێت گۆشتی چ جۆره‌ ئاژه‌ڵێكه‌ یاخود گۆشتی فرێش بوه‌ یان به‌ستو، دانانی گۆشتی قیمه‌ كراو زو تێكده‌چێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی روبه‌ری به‌رهه‌واكه‌وتنی فراوانتره‌ بۆیه‌ رێگری له‌ئاماده‌كردنی قیمه‌ ده‌كرێت تا ئه‌وكاته‌ی له‌سه‌رداوای كڕیاره‌كه‌ گۆشته‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌قیمه‌.

نوێنه‌ره‌كه‌ی ڤێتێرنه‌ری له‌ لیژنه‌كان ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد، سه‌رپێچییه‌كی تری گۆشتفرۆشی هه‌واری شار، نه‌بونی مۆڵه‌تی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌رییه كه‌ بنه‌مای هه‌مو پیشه‌یه‌ك وه‌رگرتنی مۆڵه‌ته‌ له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ پیشه‌كه‌ی، بۆیه‌ رێگری له‌ هه‌مو ئه‌وشوێنانه‌ ده‌كرێت به‌بێ مۆڵه‌ت كاربكه‌ن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP