ئەمریکا: داعش لە هەندێک ناوچە بەهێزدەبێتەوە

- 8/20/2019 3:13:00 PM 3970 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، داعش لە هەندێک ناوچە بەهێزدەبێتەوە.

چەكدارانی رێكخراوی داعش لە هەندێك ناوچە بەهێزدەبنەوە

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سی بی ئێس-ی ئەمریكیدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "چەكدارانی رێكخراوی داعش لە هەندێك ناوچە بەهێزدەبنەوە، بەڵام تواناكانیان بۆ هێرشكردن كەمبوەتەوە.

لە هەندێك ناوچە داعش زۆر بەهێزترە لە سێ ساڵ لەمەوبەر

لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنیەكەیدا، پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەكرد "دۆخەكە ئاڵۆزە، چونكە لە ئێستادا و لە هەندێك ناوچە، داعش زۆر بەهێزترە لە سێ ساڵ لەمەوبەر".

ئەنجامدانی هێرشكردن و توندوتیژی سەختترە بۆیان

هاوكات باسی لەوەشكرد "لەگەڵ ئەوەی لە هەندێك ناوچە بەهێزبونەتەوە، ئەو خەلافەتەی رێكخراوی چەكداری داعش بنیادینا تێكشكێنرا و ئەنجامدانی هێرشكردن و توندوتیژی سەختترە بۆیان".

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان لەكاتێكدایە، شەممەی رابردو 17ی ئاب، رێكخراوی چەكداری داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەیەك راگەیاند، كە لە كابولی پایتەختی ئەفغانستان لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا ئەنجامدرا و بوە هۆی كوژرانی 63 كەس و برینداربونی 182 كەسی دیكە.

لە هەمانكاتدا، لەماوەی دواییدا سەرجەم ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی سەربازی و راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان باس لە سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی چەكداری داعش دەكەن.


نیشانەکردن :

#ئەمریکا #داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP