وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: داعش كۆتایی نەهاتوە

- 8/20/2019 1:02:00 PM 1658 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، هێشتا رێكخراوی چەكداری داعش كۆتایی پێنەهاتوە و بەرلین بە هەمو توانایەوە پشتیوانی لە سوپای عێراق دەكات.

لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری عێراق كۆبوەوە

ئانگرێت كرامپ،  وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە سەردانێكیدا گەیشت بەغدای پایتەختی عێراق و پاش كۆبونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نەجاح شمری، وەزیری بەرگری عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هێشتا رێكخراوی داعش كۆتایی پێنەهاتوە".

سەبارەت بە پشتگیریكردنی هێزە سەربازیەكانی عێراق گفتوگۆكراوە

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا كە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق ئەنجامیاندا، كرامپ ئاماژەی بەوەكرد " سەبارەت بە پشتیوانیكردن و مەشقكردن بە هێزە سەربازیەكانیان لەگەڵ بەرگری عێراق گفتوگۆ ئەنجامدراوە".

شانبەشانی بەغدا و لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەردەوامدەبین لە روبەڕوبونەوەی داعش

وتیشی "لەدوای شكستهێنان بە تیرۆر، عێراق بەرەوپێشچونێكی زۆری بەخۆوە بینیوە و شانبەشانی بەغدا و لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەردەوامدەبین لە روبەڕوبونەوەی رێكخراوی چەكداری داعش".

داعش هێشتا بونی هەیە و ئێمەش سورین لەسەر هاوكاریكردنی عێراق

هەر لەوباریەوە، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا وتی "راستە كە چالاكیە سەربازیەكان شكستی بە رێكخراوی داعش هێناوە، بەڵام داعش هێشتا بونی هەیە و ئێمەش سورین لەسەر هاوكاریكردنی عێراق بۆ جەنگ دژی تیرۆر".

هاوكاریەكی گەورە لەگەڵ وەزارەتی ئەڵمانیا ئەنجامدەدەین

لە لایەكی دیكەوە، وەزیری بەرگری عێراق، نەجاح شمری لە كۆنگرەكەدا  رایگەیاند "لە ساڵانی داهاتودا هاوكاریەكی گەورە لەگەڵ وەزارەتی ئەڵمانیا ئەنجامدەدەین" و ئاماژەی بە بەردەوامبون لە بەرەنگاروبنەوەی تیرۆر كرد.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئانگریت کرامپ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەیشتوەتە بەغدا و لەلایەن عادل عەبدولمەهدی پێشوازی لێکراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP