ئێران و عێراق لەسەر كردنەوەی دەروازەیەكی سنوری رێككەوتن

- 8/20/2019 10:22:00 AM 4696 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق كاردەكەن بە مەبەستی دوبارە كردنەوەی دەروازەی سنوری سومار كە ماوەی مانگێكە داخراوە.

بەرپرسانی هەردولا كۆكن لەسەر كردنەوەی دەروازەكە

هۆشەنگ بازوند، پارێزگاری پارێزگای كرماشان لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی بازرگانی دەروازەی سنوری سۆمار كە دەكەوێتە نێوان كرماشان و دیالە، بەرپرسانی هەردولا كۆكن لەسەر كردنەوەی دەروازەكە".

بە شێوەیەكی فەرمی و لە ماوەی یەك هەفتەدا

ئاماژەی بەوەشكرد " لەئێستادا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دوبارە كردنەوەی دەروازە سنوریەكە بە شێوەیەكی فەرمی و لە ماوەی یەك هەفتەدا"، پاش ئەوەی بۆ ماوەی مانگێك داخرا و تا ئیستاش بەرپرسانی ئەو دو وڵاتە سەبارەت بە هۆكاری داخستنەكە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.

رۆژانە 300 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەرێگەی دەروازەی سۆمارەوە دەتوانن تێبپەڕن

بەپێی وتەكانی ئەو بەرپرسەی كرماشان، رۆژانە 300 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەرێگەی دەروازەی سۆمارەوە دەتوانن تێبپەڕن و بەوهۆیەوە عێراقیەكانیش پێیانخۆشە و هەوڵدەدەن بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە.

رونیشیكردەوە، پاش وەرگرتنی رەزامەندی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران، دەروازەی سومار بە شێوەیەكی فەرمی دەكرێتەوە و كردنەوەی ئەو دەروازەیەش گرنگیەكی زۆری بۆ هەردو وڵات هەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP