هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین دورخرانەوە

- 8/19/2019 8:18:00 AM 2157 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، هاوسەرۆكی شارەوانیەكانی ئامەد و وان ماردین لە باكوری كوردستان لە كارەكانیان دورخرانەوە و دەستبەجێ لە شوێنیان كەسانی دیكە دانرا.

لە لایەن حكومەتی ئەنقەرەوە سێ سەرۆك شارەوانی دیكە خراونەتە شوێنەكانیان

بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی كاروباری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، هاوسەرۆكی هەریەك لە شارەوانیەكانی ئامەد و وان و ماردین لە كارەكانیان دورخراونەتەوە و دەستبەجێ لە لایەن حكومەتی ئەنقەرەوە سێ سەرۆك شارەوانی دیكە خراونەتە جێگەیان.

تۆمەتبارن بە پشتیوانیكردنی هەندێك رێكخراوی یاساغ

بەپێی رونكردنەوەی وەزارەتی كاروباری ناوخۆی توركیا، هەریەك لە عەدنان سەلچوك، هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد و ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی شارەوانی ماردین و بێدیا ئۆزگیۆكچێ، هاوسەرۆكیشارەوانی وان بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارن بە پشتیوانیكردنی هەندێك رێكخراوی یاساغ، لە كارەكانیان دورخراونەتەوە.

دەسەڵات و تواناكانیان بۆ خزمەتكردنی ئامانجی نایاسایی بەكارهێناوە

لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی كاروباری ناوخۆی توركیادا هاتوە "سەرەڕای بەردەوامیەكان بۆ بەرەنگاربونەوە و روبەڕوبونەوەی هەریەك لە رێكخراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، بەڵام هەندێك لە هاوسەرۆكی شارەوانیەكان دەسەڵات و تواناكانیان بۆ خزمەتكردنی ئەو رێكخراونە و ئامانجی نایاسایی بەكارهێناوە".

پۆلیس ئەو ناوچانەی گەرمارۆداوە

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسە ناوخۆییەكانی توركیا بڵاویانكردوەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 6:00 هەرسێ شارەوانی ئامەد و ماردین و وان لە لایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراون و ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەو ناوچانەیان تەنیوە.

پۆلیس بە هێز و شكاندنی دەرگاكان چوەتە ژورەوە

یەكێك لە سەرچاوە هەواڵییەكانیش ئاماژەی بەوەكردوە، پۆلیس چوەتە باڵەخانەی شارەوانی ماردین و پاش ئەوەی یەكێك لە بەرپرسانی ئەو شارەوانیە پێی راگەیاندون "تا مۆڵەتی پشكنین نەبینێت رێگەنادات بچنە ژورەوە"، پۆلیس بە هێز و شكاندنی دەرگاكان چوەتە ژورەوە و سەرجەم ئەو سنورە پۆلیسیانەش دانراونەتەوە كە پاش هەڵبژاردنەكانی 31ی ئازار-ی ئەمساڵ لابرابون.

31ی ئازاری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بەڕێوەچو و تێیدا لە هەریەك لە پارێزگاكانی باكوری كوردستان "ماردین، ئامەد، باتمان، سرت، جولەمێرگ، وان، ئیدیر، قەرس" پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەڵام لەوكاتەوە تا ئێستا، لەژێر ناوی یاسای(قەییومیەكان) حكومەتی ئەنقەرە هێاش هێواش بەڕێوەبردنی ئەو شارەوانیانە لەژێردەستی هەدەپە دەردەهێنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP