ئێران: بنیادنانی ناوچەی ئارام لە سوریا رەتدەكەینەوە

- 8/18/2019 4:45:00 PM 2089 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە رێككەوتنی ئەمریكا-توركیا گرت سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات و رایگەیاند، ئەو كارە سەروەری خاكی سوریا پێشێلدەكات.

تاران نیگەرانە لە لێدوانەكانی ئەمدواییەی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا 

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕ یەكشەممە رایگەیاند "تاران نیگەرانە لە لێدوانەكانی ئەمدواییەی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا".

پێشێلكاریە بۆ سەروەری خاكی سوریا و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانیش پێشێلدەكات

موسەوی لەمیانی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، "رێككەوتنی نێوان ئەمریكا-توركیا سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات كارێكی جاڕسكارانەیە و جێگەی نیگەرانیە، چونكە پێشێلكاریە بۆ سەروەری خاكی سوریا و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانیش پێشێلدەكات".

زیان بە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەكە دەگەیەنێت

هەر سەبارەت بەو بابەتە، ئەو دێپلۆماتكارەی ئێران هۆشداری دا و رایگەیاند "ناوچەی ئارام لە لایەك دەستێوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی خاكی سوریا، لە هەمانكاتیشدا ئەو هەنگاوە زیان بە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەكە دەگەیەنێت".

لە درێژەی وتەكانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی "پێویستە كێشەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكانی نێوان توركیا و سوریا لە رێگەی ئەنجامدانی دانوستانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقەوە و چارەسەربكرێت، بێ دەستێوەردانی هیچ وڵاتێكی دیكە".

ئەو وتانەی موسەوی لەكاتێكدایە، لەمدواییانەدا بەرپرسانی سەربازی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا، رێككەوتنێكی دولایەنەیان سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات راگەیاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP