سەرۆک بەرهەم: خوێنی شەھیدان و قوربانی ھێزە چەکدارەکان لە سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەرز دەنرخێنین

- 8/18/2019 4:06:00 PM 2417 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق وەزارەتی بەرگری بەسەرکردەوە و جەختی لەوەکردەوە، پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و دوبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەلایەن وەزیری بەرگری نەجاح شمری و گەورە ئەفسەرانی سوپا بەگەرمی پێشوازیکرا، لە میانی پێشوازییەکی فەرمیدا مارشی کۆماری لێدرا پاشان سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری پاسەوانی شەرەفیان پشکنی کە سەرجەم پێکھاتەکانی سوپای عێراقی لە خۆگرتووە. 

سەرۆک کۆمار لە وەزارەتی بەرگری وتارێکی پێشکەشکرد، تیایدا دوپاتیکردەوە، خوێنی شەھیدان و قوربانی ھێزە چەکدارەکان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆر بەرز دەنرخێنین، کە لە پێناو پاراستنی ھاوڵاتییان و گشت عێراقدا رشتیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "برینەکان خەریکە ساڕێژ دەبن، چونکە ئیرادەی ئێوە لە خواستی تیرۆر گەورەتربو و یەکڕیزیتان بوە نمونەی یەکڕیزی نیشتمانی لەکاتە سەختەکاندا، ھەروەک ئەمڕۆش بونەتە جێگای ڕێزی مرۆڤایەتی کە بەشەرەفەوە بەرگریتانکرد لە بەرامبەر تیرۆریستاندا، ھاوکات وتی ھێزەچەکدارەکان بەگشت پێکھاتەکانییەوە گەورەترین داستانیان تۆمارکرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستھێنا". 

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆک بەرھەم رونیکردەوە، "پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و دوبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا".

سەرۆک کۆمار ئەوەشی دوپاتکردەوە، "نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەکلایکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکاندا، بەڵکو دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و پیشەیانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ھاوکات جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە چەک تەنھا بە دەست دەوڵەت بێت". 

سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە سەرۆک بەرھەم وتی "عێراق جارێکی دیکە نابێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەڵکو عێراق دەبێتە پێگەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی لایەنە ناکۆکەکان، تا جارێکی تر ناوچەکە توشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبێتەوە". 

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ گرنگیدان بە کارمەندانی سوپا و ھاوکات جەختیکردەوە، ھێزە چەکدارەکان پەیمان دوپات دەکەنەوە کە سەربازێکی وەفاداربن بۆ بەرگریکردن لە ھاوڵاتییان و خاکی نیشتمان


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP