حکومەتی جەبەل تارق داوای ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکە رەتدەکاتەوە

- 8/18/2019 3:09:00 PM 1844 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
حکومەتی جەبەل تارق داوای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکە رەتدەکاتەوە.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی جەبەلتاریق داوایەکی ئەمریکای بۆ هێشتنەوەی کەشتییە ئێرانییەکە رەتکردەوە و رایگەیاند ئەوان کەشتییەکە ئازاددەکەن.

رۆژی 4ی تەموزی ئەمساڵ کەشتی (گرەیس وەن)ی ئێرانی کە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوگەیەکی سوریا دەگواستەوە، لەلایەن هێزی دەریایی شاهانەی بریتانیاوە دەستی بەسەرداگیراو رۆژی پێنج شەممەی رابردوش دادگای باڵای جەبەلتارق فەرمانی ئازادکردنی دەرکرد.

راستەوخۆ پاش دەرکردنی فەرمانەکە ئەمریکا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دا و تائێستا بەربەستە لەبەردەم ئازادکردنیدا.

کەشتییەکە چاوەڕێی کاپتن و شەش ستافی نوێیە

بەپێی بەدواداچونێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تا ئێستا کەشتییەکە ئازادنەکراوە و رۆژنامەی (کرۆنیکڵ)ی جەبەلتارقیش بڵاویکردۆتەوە کە کەشتییەکە چاوەڕێی گەشتنی کاپتن و شەش ستافی ترە  بۆ جوڵاندنی بەرەو ئێران.

 دوێنێ شەممە وەزارەتی دادی ئەمریکا فەرمانێکی وەزارەتی لەدژی ئازادکردنی کەشتییە ئێرانییەکە دەرکردو رایگەیاند بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێویستە ئەو کەشتییە دەستی بەسەردابگیرێت و پارەو نەوتەکەش نەدرێتەوە بەبەرپرسانی ئێران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP