داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەفغانستان راگەیاند

- 8/18/2019 1:28:00 PM 1530 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەفغانستان راگەیاند، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 63 کەس کوژران و 182 کەسیش برینداربون.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رێکخراوی داعش لەراگەیەنراوێکدا کە لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە بەرپرسیارێتی خۆی لەتەقینەوەکەی ئەم بەیانییەی کابوڵ راگەیاندوە. 

شەوی شەممەی رابردو لەکابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەکاتی قەرەباڵغی ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا تەقینەوەیەکی خۆکوژی رویداوە و بەهۆیەوە لانیکەم 63 کەس کوژران و 182 کەسی دیکەش برینداربون.

رێکخراوی تالیبان رەتیدەکاتەوە دەستی لەو تەقینەوەدا هەبوبێت

تەقینەوەکە لەرۆژئاوای کابوڵ رویداوە و رێکخراوی تالیبانیش رەتیدەکاتەوە دەستی لەو تەقینەوەدا هەبوبێت.

لەوبارەیەوە نوسرەت رەحیمی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، ژن و منداڵێکی زۆر لەناو بریندارەکاندا هەیە و خۆکوژەکە خۆی بەبەشداربوانی ئاهەنگەکەدا تەقاندۆتەوە.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد ئومێد یەکێک لەرزگاربوانی تەقینەوەکە رایگەیاند، نزیکەی 1200 کەس بانگێشتکرابون بۆ ئاهەنگەکە، ئەو لەژوری بوک و زاوابوە کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی تر کە گوێیان لەدەنگی تەقینەوەکەبوە و کاتێک گەشتۆتە هۆڵی ئاهەنگەکە بینیویەتی یەک کەس بەپێوە نەماوە و تەواوی ئاهەنگ گێڕەکان لەسەر زەوی کەوتون.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند هیچ زانیارییەکیان نیە لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە، بەڵام هەردو رێکخراوی تالیبان و پاشماوەکانی داعش ناوبەناو تەقینەوەی خوێناوی لەئەفغانستان ئەنجامدەدەن.


نیشانەکردن :

#ئەفغانستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP