ئه‌مریكا پێشوازی له‌رێكەوتنی ئەنجومەنی سەربازی و ئۆپۆزسیۆنی سودان دەکات

- 8/18/2019 12:34:00 PM 1490 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پیرۆزبایی له‌واژوكردنی رێكه‌وتنامه‌ی نێوان سودانییه‌كان کرد کەدوێنێ شەممە به‌ڕێوه‌چو و به‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌تێكی مه‌ده‌نیی راگوزه‌ری ناوی بردوه‌.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەراگەیەنراوەکەیدا ده‌ستخۆشی له‌و هه‌وڵانه‌ش كردوە كه‌یه‌كێتی ئه‌فریقا و حكومه‌تی ئه‌سیوپیا پێی هه‌ڵساون له‌ پێناو گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن و واژوكردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌.

دوێنێ شەممە لەخەرتومی پایتەختی سودان ئەنجومەنی سەربازی و سەرکردەکانی خۆپیشاندەرانی سودان رێکەوتنێکیان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات واژۆکرد. 
رێکەوتنەکە رێگەخۆشکردنە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستێکی مەدەنی

بەگوێرەی وتەی هەردولا رێکەوتنەکە رێگەخۆشکردنە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ لەئەنجومەنێکی سەربازییەوە بۆ ئەنجومەنێکی مەدەنی.

رێکەوتنەکە بەئامادەبونی ژەنەراڵ محمد حەمدان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی و ئەحمەد رابی نوێنەری هێزەکانی ئازادی و گۆڕانکاری و لەبەردەم نوێنەرایەتی هەرێمی و نێدەوڵەتیدا واژۆکرا.
ئەنجومەنێکی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی دروستدەکرێت

بەپێی رێکەوتنەکە، ئەنجومەنێکی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی دروستدەکرێت کە بۆماوەی سێ ساڵی ئایندە و تا هەڵبژاردنێک رێکدەخرێت حکومڕانی سودان دەکات.

هاوکات، کابینەیەکی نوێی حکومەت لەچالاکوانان دەستەی یاسادانان پێکدەهێنرێت.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مۆرگان ئۆرتاگۆس له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌ "واژۆکردنی بەڵگەنامەی ده‌ستوری له‌ نێوان هێزه‌كانی ئازادی و گۆڕانكاری و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی راگوزه‌ر هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و ئاینده‌".

گوتوشییه‌تی "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا چاوی له‌ سوێندخواردنی ده‌ستووریی ئه‌نجومه‌نی سه‌روه‌رییه‌ له‌ 19ی ئاب و پاشان دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیران له‌ 20ی ئه‌م مانگه‌، واشنتۆن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاڵپشتیكردنی گه‌لی سودان له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ حكوومه‌تێك كه‌ مافی هه‌مو هاوڵاتییان بپارێزێت و هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازاد ئه‌نجام بدات".

بەپێی رێکەوتنەکە "راگه‌یاندنی ده‌ستوری" و "راگه‌یاندنی سیاسی" كه‌ تایبه‌ته‌ بەهەیکەلی دامەزراوەیی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات راگوزه‌ری و ده‌بێت لەماوەی 39 مانگدا ده‌بێت كار بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌و وڵاته‌.

په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كان بریتییه‌ له‌ سێ ئه‌نجومه‌ن ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌نه‌كانی سه‌روه‌ری، وه‌زیران و یاسادانانن.

ئه‌نجومه‌نی سه‌روه‌ری له‌ 11 ئه‌ندام پێكدێت، پێنجییان له‌و كه‌سه‌ مه‌ده‌نییانه‌ن كه‌ هێزه‌كانی گۆڕانكاری كاندیدیان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ پێنج ئه‌ندامی سه‌ربازی كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی كاندیدییان ده‌كات، له‌پاڵ ئه‌ندامێكی دیكه‌ی مه‌ده‌نی كه‌ هه‌ردولا له‌سه‌ری كۆك ده‌بن.

بڕیاریشە ئه‌نجومه‌نی سه‌روه‌ری دیاری بكرێت و ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی راگوزه‌ری هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و سبه‌ی دوشه‌ممە له‌ بەردەم سه‌رۆكی دادوه‌ری سوێندی یاسایی بخۆن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP