کچانی گەرمیان بە هونەرەکەیان شوێنە گشتییەکان دەنەخشێنن

- 8/18/2019 11:29:00 AM 2062 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- نیگار عومەر 

کچانی گەرمیان بەفڵچەکانی دەستیانەوە شوێنە گشتییەکان رەنگ دەکەن، ئەوان ئەگەرچی ڕێگرییان بۆ دروستبوە، بەڵام دەڵێن، "کۆڵ نادەین".

ئەڤین عەلی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتوی کەلارە، ئەو دەرچوی بەشی هونەرە جوانەکانی کفرییە، نزیکەی نۆ ساڵە دەستیکردوە بە وێنەکیشان، ئەڤین فڵچەییەکی بەدەستەوەبو لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەیدا وێنەکانی رەنگ دەکرد و جارجار عەرەقی نێو چاوانی دەسڕی.

ئەڤین بە خەندان-ی وت، "نزیکەی نۆ ساڵە دەستمکردوە بە وێنەکێشان، ئەگەرچی لە پێشوتردا خوێندکاری ئەو بەشە بوم، دوای تەواوبونی خوێندنم دەستمکردوە بەکار بۆ شوێنەگشتیەکان، هەر شوێنێك کە گونجاوبێت بۆ هونەرەکە، کاری تێدادەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ هاوکارەکانم کارەکانمان ئەنجام دەدەین، زۆرجار لەگەڵ گۆڕینەوەی ڕاوبوچونەکاندا ڕەنگەکان جوانتر دەنەخشێنیین، لەسەرەتای کارکردنمدا روبەڕوی قسە و قسەڵۆکی نێو کۆمەڵگە دەبومەوە، بەڵام پێویستە کۆڵ نەدەین و بەردەوام بین".

ئەڤین دەڵێت، پشگیریی ماڵەوە بۆ هەمو کچێك زۆر گرنگە، "ماڵەوەمان دایک و باوکم هاوکاری زۆرێك لە ئیشەکانی منن"، پێدەچێت ئەوەش نهێنی بەردەوامبونی ئەو وێنەکێشە کچەی گەرمیان بێت.

یەکێکی دیکە لەو کچانەی دیوار و شوێنە گشتیەکان رەنگ دەکات ناوی ئەفراح ئیبراهیم-ی، ئەو تەمەنی 41 ساڵە و دانیشتوی کەلارە.

ئەفراح چیرۆکی ژیانی بۆ خەندان باس دەکات و دەگێڕێتەوە، "لە منداڵییەوە حەزم لە کاری وێنەکێشان کردوە بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوم، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری وەریان نەگرتم!، بەڵام من بەردەوام بوم لە کارکردن و کردنەوەی پیشەنگاکانم".

"زۆرم پێناخۆش بو بەهۆی بارودۆخمەوە کە خاوەن پیداویستی تایبەتم وەریان نەگرتم، بەڵام من کۆڵم نەدا و بەردەوام بوم لە کارەکەم و پێشەنگای هاوبەشم دەکردەوە"، ئەفراح ئیبراهیم وایوت.

ئەفراح بەباوەڕ بەخۆبونەوە و بە ورەیەکی بەرزەوە وتیشی، "زۆر روبەڕوی گرفتی نەفسی بومەوە، بەڵام گوێم پێینەدا، خەڵكی پێیان سەیر بو بەزەییان پێمدا دەهاتەوە، کە من کار دەکەم، بەڵام من زۆر خۆم لە کەسێکی بێدەسەڵات بەهێزتر دەبینم". 

ئاسۆ فوئاد، بەڕێوبەری کتێبخانەی ڕزگاری، یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەڤین و ئەفراح، جێگاکەیان بۆ نەخشاندوە دەڵێت، "ئافرەت بەوردی و بە سەلیقەی جوانترە و دەتوانن کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، بەفلچە و بۆیەکانیان بەوردی کارەکانیان سیمایەکی جوانتریان داوە بەکتێبخانەکەمان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP