گەنجانی قەسرێ لە رێگەی خەندان-ەوە داوا دەکەن یاریگایەکیان بۆ دروستبکرێت

- 8/18/2019 10:56:00 AM 681 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گەنجانی ناحیەی قەسرێ بە هۆی نەبونی یاریگەیەكی گونجاوە لەسەر یاریگەی خۆڵ یاریی دەكەن و داواكارن یاریگەیەكی نوێیان بۆ دروست بكرێت، لە پێناو ئەنجامدانی وەرزش لە ناحیەكەیاندا و پێگەیاندنی یاریزانی نوێ و بەرەوپێشچونی وەرزش لە شارۆچكەكەدا.

بەشێك لە وەرزشوانانی قەسرێ ماوەی چوار ساڵە لەناو خۆڵ و خاشاک یاری تۆپی بالە ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانایان هەیە لە یاری بالە و تێنسی سەر زەوی، بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار گوێیان پێنادات و داواکاریەکەیان بەرز ناکەنەوە لە پێناو دروست كردنی یاریگەیەكی نوێ بۆ ئەو وەرزشەوانانە.

بۆیە ئەو گەنجانە دەیانەوێت لە رێگەی دەزگای میدیایی خەندان سپۆرتەوە ئەم داواكارییە بەرز بكەنەوەو لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە، لە پێناو زیاتر بەرەو پێشچونی وەرزش لە شارۆچكەكە و بە دروستکردنی یاریگەیەکی تاتان یاخود هۆڵێكی داخراو، بۆ ئەنجامدانی یاری بالەو تێنسی سەرزەوی  لە پێناو بەرەوپێشچونی توانای گەنجەكان و پێگەیاندنی وەرزشەوان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP