موچەی وەزارەتێک دابەشدەکرێت
پێشبینی دەکرێت لە دو رۆژی ئایندەدا پارەکەی بەغدا بگاتە هەرێم

- 8/18/2019 8:18:00 AM 44715 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ موچەی ئەنجومەنی دادوەری دابەشدەکرێت و سەرچاوەیەکیش لە گەنجینەی یەکی سلێمانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە دو رۆژی ئایندەدا پارەی موچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان.

بەپێی لیستی موچەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە هەشت مانگە موچەی پێدابەشدەکرێت، ئەمڕۆ موچەی ئەنجومەنی دادوەری دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەکی لە گەنجینەی یەکی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، پێشبینی دەكەن لە دو رۆژی داهاتو پارەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان بۆ تەواوكردنی مووچەی فەرمانبەران.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا حەوت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها چوار موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە، بەشێکی زۆریش لە فەرمانبەران موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP