گەلی خەرتوم ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی گواستنەوەی سودان بۆ حكومەتی مەدەنی

- 8/17/2019 8:47:00 PM 958 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش تێپەڕینى نۆ مانگ لە گرژى و ئاڵۆزى لە نێو شەقامەکانى خەرتوم و بەرزکردنەوەى دەنگى ناڕازایەتى، ئەمڕۆ هەریەک لە رێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و جەنەڕاڵەکانى سودان کۆبونەوە و پەیمانى ئاشتیان ئیمزاکرد و بڕیاریاندا بە نوسینەوەی دەستوری مەدەنی بۆ وڵاتەكەیان.

دەستلەناو دەستکردنى حکومەتى سەربازى و رێبەرانى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکە، بوەهۆى خۆشى خستنە نێو دڵى هاوڵاتیانى سودان و ئاهەنگ گێرانیان بە بۆنەى گەڕانەوەى ئارامى بۆ وڵاتەکەیان.
بڕیار لە پێکهێنانى ئەنجومەنێکى 11 کەسی دراوە بۆ نوسینەوە و چاودێریکردنى دەستورى وڵاتەکە

 

لە رێکەوتنى بەرەى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکە و جەنەڕاڵانى سوپا، کە هەمو جومگەکانى حکومڕانى ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن، بڕیار لە پێکهێنانى ئەنجومەنێکى 11 کەسی دراوە بۆ نوسینەوە و چاودێریکردنى دەستورى وڵاتەکە و گۆڕینى بۆ دەستورێکى مەدەنى، ئەندامەکانى ئەنجومەنەکە لە شەش کەسى مەدەنى و پێنج کەسى سەربازى پێکدەهێنرێن.

سودان، بە بارودۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت، پاش ئەوەى عومەر بەشیر سەرۆکى پێشوی سودان کە بۆ ماوەى 30 ساڵ لە پۆستى سەرۆکایەتى سودان بو، بە زەبرى هێز لە مانگى نیسانى ئەمساڵدا لە پۆستەکەى دورخرایەوە و حکومەتى سەربازى شوێنى گرتەوە.

ئەم ڕیکەوتنەى نێوان ئۆپۆزسیۆن و باڵى سەربازى سودان بە وەچەرخان و هەنگاوێکى گرنگ دادەنرێت بەرەو دیموکراسی بونى وڵاتەکە و کرانەوەى بەروى دنیادا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP