هاوپەیمانى نێودەوڵەتى پابەندێتى خۆى بە بڕیارەکەى عادل عەبدولمەهدی ڕادەگەیەنێت

- 8/17/2019 6:26:00 PM 1215 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شەڕ دژ به‌ داعش، پابەندبونى خۆى بە بڕیارەکەى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق تایبەت بە قەدەغەکردنى فڕینی فرۆکە سەربازیەکان بە ئاسمانى عێراق راگەیاند.

ئەم ڕاگەیەندراوەى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕ دژ به‌ داعش له‌ کاتێکدایە کە دو ڕۆژ پێشتر عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بڕیارى قەدەغەکردنى فڕینى لە سەرجەم فڕۆکە و فڕۆکە سەربازیەکان و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەکانى وڵاتانى بیانى لەنێو ئاسمانى عێراقدا بەبێ ڕێگەپێدانى راستەوخۆى خۆى راگرت.
وه‌كو میوانێك له‌ چوارچێوه‌ی سنوری سه‌روه‌ریی عێراق، پابه‌ندین به‌سه‌رجه‌م بڕیار و رێنماییه‌كانی حكومه‌تی عێراق و ده‌ستبه‌جێ پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌بین

 

لە راگەیەندراوەکەى هاوپەیماناندا هاتوە،''وه‌كو میوانێك له‌ چوارچێوه‌ی سنوری سه‌روه‌ریی عێراق، پابه‌ندین به‌سه‌رجه‌م بڕیار و رێنماییه‌كانی حكومه‌تی عێراق و ده‌ستبه‌جێ پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌بین''.

بەگوێرەی بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ته‌نها خۆی یان ئه‌و كه‌سه‌ی کە لە بارودۆخە پێویستەکاندا له‌جێی ئه‌و ده‌بێت دەتوانن مۆڵه‌تی فڕین بدەن.

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاندبو، هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت بە بڕیارەکانەوە فڕۆكه‌كانی به‌ دوژمن هه‌ژمار ده‌كرێت و له‌ لایه‌ن هێزی بەرگرى عێراقەوە مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

هۆکارى بڕیارەکەى عه‌بدولمه‌هدی‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی سەقەر بو لە 12/8/2019، کە کۆگایەکى سه‌ر به‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بو له‌ ناوچه‌ی دۆره‌ له‌ باشووری به‌غدا، بەهۆى تەقینەوەى کۆگاکەوە‌ زیاتر لە 30  کەس برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP