زیانی ماددی زۆری لێكەوتەوە
بارانی بەخوڕ لە ئیستەنبوڵی گەورە شاری توركیا دەبارێت

- 8/17/2019 5:58:00 PM 3575 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ بارانێكی بەخوڕ، ئیستەنبوڵی گەورە شاری توركیای گرتەوە و بوەهۆی دروستبونی لافاو بەو هۆیەشەوە لە چەندین شەقامی ئەو شارە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل راوەستا و زیانێكی زۆری ماددی لێكەوتەوە.

لەو بارەیەوە پارێزگای ئیستەنبوڵ بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندوە كە باران بارینەكە ئەگەری هەیە تا شەو و تەنانەت بەرەبەیانی سبەی بەردەوام بێت. پێشتریش كەشناسی توركیا هۆشداری لە باران بارینی بەخوڕ راگەیاندبو.

بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، بەهۆی ئەو باران بارینەوە، هاتوچۆ لە هەندێك شەقامی شاری ئیستەنبوڵ راوەستاوە و هاوڵاتیان پەنایان بردوە بۆ وێستگەكانی وەستانی پاس و شوێنە داخراوەكان لەپێناو ئەوەی تەڕ نەبن.

تیمەكانی بەرگری شارستانی ئیستەنبوڵ، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر روداوێكی نەخوازراو كە لەئەنجامی ئەو باران بارینە بكەوێتەوە.

هەر بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ئەمڕۆ چەندین روداوی هاتوچۆ بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەوە رویانداوە و هەورە بروسكەش زیانی بە ستونی كارەبا و چەند شوێنێكی شارەكە گەیاندوە، ئەوەشخراوەتەرو كە ئەو گەشتیارانەی بەمەبەستی سەردانكردنی شوێنە مێژوییەكانی ئیستەنبوڵ و پیاسەو گەڕان چوبونە دەرەوە، بەرنامەكانیان لێتێكچوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP