وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر كێشەكەی ماریا هەورامی و مەلا هەڵۆ هاتەدەنگ

- 8/17/2019 5:24:00 PM 20211 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی كلیپەكەی ماریا هەورامی و لێدوانەكەی مەلا هەڵۆ هاتە دەنگ و رایگەیاند،"ئەوەی مایەی نیگەرانیە، ناوزڕاندنی ئەو خاتونە بو لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە، بەزمانێک کەلە کەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی".

لەو راگەیەندراوەدا كە وێنەیەكی گەیشۆتە خەندان، فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاندوە،"دوای بڵاوبونەوەی گۆرانی و کلیپی خاتونی ھونەرمەند( ماریا ھەورامی)، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان، لێرەدا مەبەستمانە جەخت لەو راستیە بکەینەوە  کە کەلتوری ھونەرو گۆرانی ووتن لەکۆنەوە مۆرکی ناسراو و دێرینی کورد بوە و یەکێک لە میللەتە دێرینەکانی ناوچەکەیە کە دەوڵەمەندە بەھونەری گۆرانی و کۆی کایەکانی تری ئەو بوارە".
ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانیە قسە پێ ووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بو لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە

 

وتەبێژەكەی وەزارەتی رۆشنبیری دەشڵێت،"ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانیە قسە پێ ووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بو لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە، بەزمانێک کە لەکەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی کە لەسەر مینبەری مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشت بەرزی بڵێتەوە". 

خودی گۆرانیەکە ھیچ وشەو وێنەیەکی تێدا نەبوەو نییە کەناکۆک بێت بە کەلتوری گۆرانی کوردەواری

 

راشیگەیاندوە،"خودی گۆرانیەکە ھیچ وشەو وێنەیەکی تێدا نەبوەو نییە کەناکۆک بێت بە کەلتوری گۆرانی کوردەواری. بۆیە ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان، ھەر لەم روانگەیەشەوە  پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریا ھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دوپات دەکەینەوە". 

ئاماژە بەوەشكراوە"داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئاینی بەڕێز دەکەین رێگە نەدەن بەھەر بیانویەک و لەژێر ھەر پاساوێک بێت سوکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت و وشەی نەشیاو و ناوزراندن بەکاربھێنن. کەئەم کارە بەرلەھەرشتێک ناکۆکە بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP