قوباد تاڵەبانی: کاری زۆر ماوە بیکەین بۆ روبەروبونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە

- 8/17/2019 2:52:00 PM 2922 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند یاسای دژایەتیکردن بەبازرگانی مرۆڤەوە دەرکراوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەن.

لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسیویەتی، " ئێمە لەحکومەت یاسای دژایەتیکردنی بازرگانیکردن بەمرۆڤمان دەرکردوە، چەندین یەکەی حکومیش بۆ ئەو پرسە کراونەتەوە، بەڵام هێشتا زۆر ماوە بکرێت." 

لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆکی حکومەت لەتویتەکەیدا ئاماژە بە رۆڵی رێکخراوی هاوسەرەکەی دەکات و دەنوسێت " رێکخراوی هاوسەرەکەم بەناوی (سید کوردستان) کاری زۆر لەسەر بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە دەکات و راپۆرتێکیشی بەهەردو زمانی ئینگلیزی و کوردی لەوبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە." 

رێکخراوی سید کوردستان لەماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە کە بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە یەکێکە لەئاڵەنگارییە گەشەکردوەکانی بەردەم کۆمەڵگای عێراقی و شەڕی داعشیش هۆکاربوە بۆ زیادبونی مەترسییەکە بەتایبەی بۆسەر ژنان و منداڵان و کەمەنەتەوایەتییەکان و خەڵکی بێلانەو ماڵ.

نوسیویشیەتی لەسەرتا سەری جیهاندا نزیکەی 45 ملیۆن کەس روبەروی جۆرێک لەکۆیلایەتی مۆدێرن کراونەتەوە و لەو رێژەیەش نزیکەی 403 هەزار کۆیلەی سەردەم لەعێراقدا هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP