بەپەلە

ئەنجومەنی ئاسایش پرسی کشمیر تاوتوێدەکات
یاسا نێودەوڵەتییەکان داوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ هەرێمەکە دەکەن

- 8/17/2019 2:10:00 PM 2620 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەکۆبونەوەیەکی ئاسایدا، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان پرسی کشمیری تاوتوێکرد و دواتر لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دژی پێشێلکارییەکانی ئەو هەرێمەیە و داوای چارەسەری ئاشتییانە دەکات.

بەپێی هەواڵێکی یو ئێن نیوزی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، دوێنێ هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبونەوەیەکی لەبارەی پرسی کشمیر و پێشێلکارییەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوەوەو رایگەیاند پرسەکە راستەوخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش " پێویستە پرسەکە بەئاشتییانە چارەسەربکرێت."
دۆخەکە تەواو مەترسیدارە

لای خۆشییەوە ژانگ جون باڵوێزی چین لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەلێدوانێکدا بۆرۆژنامەنوسان راگەیاند، " داوا لەحکومەتی هیندستان و پاکستان دەکەین دۆخەکە هێوربکەنەوە و خۆیان بەدوربگرن لەهەر هەنگاوێکی تاک لایەنانە کە ببێتەهۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە، چونکە دۆخەکە تەواو مەترسیدارە.

رۆژی پێنجی ئەم مانگە حکومەتی نیودلهی یاسایەکی دەستوری وڵاتەکەی گۆڕی کە باسی لەتایبەتمەندێتی هەرێمی کشمیر دەکرت و دەسەڵاتە مەرکەزییەکانی زیاتر کرد، ئەوەش ناڕەزایەتی پاکستان و گروپە ئیسلامییەکانی لێکەوتەوە و هەرێمەکەی لەلێواری جەنگ نزیککردەوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان لەمێژە دەستی لەچارەسەرکردنی پرسەکەدا هەیە و لەساڵی 1965 دا  دو ئیدارەی پاکستانی و هیندی بۆ هەرێمی کشمیر وەک چارەسەرێکی کاتی جێگیرکرد و هێڵی کۆنترۆڵی لەنێوان هەردو ئیدارەکەش جێگیرکران.
هێزێکی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان چاودێری پێشێلکارییەکان دەکات

هاوکات، هێزێکی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان کە لەو ناوچەیە جێگریکراوە چاودێری پێشێلکارییەکان دەکات.

لەبارەی دواین بۆچی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی کشمیر، باڵوێزی چین لەنەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش رای جدی خۆیان لەوبارەیەوە خستەڕو و پێویستە پرسەکەش بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەربکرێت. 

حکومەتی پاکستان داوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکانی کرد لە 13ی ئاب، دواتریش لەلایەن حکومەتی چین وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش داوای کۆبونەوەکە کرا.

لای خۆشییەوە مەلیحە لۆزی باڵوێزی پاکستان لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی کۆبونەوەکەوە رایگەیاند، "دەنگی خەڵکی بێتاوانی کشمیر بەرزکرایەوە و گوێی لێگیرا، ئەم کۆبونەوەیەش بەڵگەی ئەوەیە کە پرسەکە پرسێکی نێودەوڵەتییە."

باڵوێزی پاکستان ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکە خستەڕو. 

چەند خولەکێک دواتر باڵوێزی هیندستان لەنەتەوە یەکگرتوەکان هەڵوێستی وڵاتەکەی لەوبارەیەوە نیشاندا و رایگەیاند، بڕیارەکەیان بۆ لابردنی تایبەتمەندێتی هەرێمی کشمیر لەچوارچێوەی مادەی 370ی دەستوری وڵاتەکەیدا نیشاندەری ئەوەیە کە پرسی کشمیر پرسێکی تەواو ناوخۆییە و پێشکەوتنە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومڕانییەکی باشی ئەو ناوچەیە کراوە.

هاوکات، ئامادەیی هیندستانیشی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو رێکەوتنانە دەربڕی کە لەسەر پرسی کشمیر کراون و راشیگەیاند ئەوان پابەند دەبن بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP