هەواڵی ئەمڕۆ

سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، مۆسكۆ هۆشداری دەدات

- 8/16/2019 6:39:00 PM 6471 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی سەردانیكردنی شاندێكی ئەمریكی بۆ توركیا بە مەبەستی دیاریكردنی پێگەی سەرپەرشتیكردنی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، حكومەتی روسیا هێرشێكی توندی كردە سەر رێككەوتنی نێوان واشنتن-ئەنقەرە و هۆشداری دا.

سەبارەت بە دابەشكردنی خاكی سوریا هۆشداری دا

دوێنێ پێنجشەممە، شاندێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە مەبەستی دیاریكردنی پێگەی سەرپەرشتیكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا، سەردانی توركیای كرد، سەبارەت بەو بابەتە، حكومەتی مۆسكۆ هێرشێكی توندی كردە سەر رێككەوتننامەی ناوچەی ئارام و سەبارەت بە دابەشكردنی خاكی سوریا هۆشداری دا.

بەردەوامن لە رێكارەكانی تایبەت بە ناوچەی ئارام

لەكاتێكدا، پەیوەست بە شەڕڤانانی هێزە كوردیەكان لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، لێكتێنەگەیشتن لەنێوان واشنتن و ئەنقەرەدا هەیە، كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ شەڕڤاناندا و دژ بە پاشماوەكانی چەكدارانی داعش هاوپەیمانە و ئەنقەرەش ئەو هێزە كوردیانە بە شەڕانگێز و توندئاژۆ ناودەبات، هێشتا ئەو دو وڵاتە بەردەوامن لە رێكارەكانی تایبەت بە ناوچەی ئارام.

 

ئەمریكا و توركیا، بەرەو بنیادنانی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا كە بە هیچ جۆرێك هێزەكانی شەڕڤانان و چەكی قورسی تێدا نەبێت، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەو مەودای ئەو ناوچەیە بەرەو ناو سوریا و روبەرێكی زیاتر بگرێتەوە لەو مەودایەی ویلایەتە یەكگرتوەكان پێشنیاریكردوە، لەوبارەیەشەوە چەندین جار هەڕەشەی ئەنجامدانی چالاكی سەربازی كردوە.

پێویستە كێشەكان لەسەر بنەمای سەروەری سوریا چارەسەربكرێن

لەو چوارچێوەیەدا، حكومەتی روسیا سەبارەت بە هەوڵدان بۆ لێكجیاكردنەوەی باكوری سوریا لەو وڵاتە هۆشداری دا و دوپاتیكردەوە "پێویستە كێشەكان لەسەر بنەمای سەروەری سوریا و لەرێگەی ئەنجامدانی دانوستان لەنێوان دیمەشق و كورد-دا چارەسەربكرێن".

هەوڵەكان بۆ جیاكردنەوەی باكوری سوریا لەو وڵاتە جێی نیگەرانیە

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دوێنی پێنجشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هەوڵەكان بۆ جیاكردنەوەی باكوری سوریا لەو وڵاتە جێی نیگەرانیە، بەردەوامین لە پشتگیریكردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ ناوچەكە لەكاتێكدا جەخت لەسەر سەروەری سوریا بكرێتەوە و دانوستان لەنێوان دیمەشق و هێزە كوردیەكان ئەنجامبدرێت كە ئەوانیش بەشێكن لە گەلی سوریا".

پێویستە حكومەتی دیمەشق رەزامەندبێت

ئاماژەی بەوەشكرد "بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان، پێویستە هەر كارێك تایبەت بە خاكی سوریا و لەسەر ئەو خاكە ئەنجامدەدرێت، حكومەتی دیمەشق لەسەری رەزامەندبێت، لەكاتێكدا هەوڵەكانی ئەمریكا-توركیا بەردەوامە لەسەر پێكهینانی ناوچەی ئارام و ئەمریكا پشتیوانی لە هێزە كوردیەكانی ئەو ناوچانە دەكات و ناڕاستەوخۆ رێگرە لە دەسەڵاتی سوریا لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات".

سەبارەت بە لیژنەی دەستوری سوریا، ئەو بەرپرسەی روسیا وتی "روسیا ئامادەیە بۆ پشتیوانیكردن لە گییر پیدەرسن، نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان تایبەت بە لیژنەی دەستوری سوریا تا بە تەواوی هەوڵی دروستكردن و پێكهێنانی ئەو لیژنەیە بدات".

ئەوە لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردودا، حكومەتی دیمەشق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "بە هەمو شێوەیەك رێككەوتنی ئەمریكی-توركی بۆ بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا رەتدەكاتەوە" ئەنجامدانی ئەو كارەشی خستە ئەستۆی هێزە كوردیەكانی ئەو ناوچەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP