واڵستریت جۆرناڵ: ترەمپ دەیەوێت گەورەترین دورگەی جیهان بكڕێت

- 8/16/2019 3:13:00 PM 3274 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاند، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلانیدا هەیە گەورەترین دورگەی جیهان بكڕێت كە دەكەوێتە وڵاتی دێنمارك.

لە پلانیدا هەیە دورگەی گرینلاند بكڕێت

لە زاری چەند سەرچاوەیەكی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە، رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ هەینی لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلانیدا هەیە دورگەی گرینلاند بكڕێت، كە دەكەوێتە وڵاتی دێنمارك و گەورەترین دورگەی جیهانە".

چەندینجار لەگەڵ راوێژكارەكانیدا ئەو باسەی وروژاندوە

ئاماژەی بەوەشكردوە "ترەمپ چەندین جار لە راوێژكارەكانی پرسیوە، ئایا ویلایەتە یەكگرتوەكان توانای كڕینی دورگەی گرینلاند-ی هەیە یاخود نا، هاوكات لەبارەی بەرهەم و داهاتەكانی ئەو دورگەیە و گرنگیە جیۆسیاسیەكانی لەگەڵ توانای بڵاوكردنەوەی بەرفراوانكردنی هەژمونی سەربازی لە ناوچەكانی جەمسەری باشور بە گرنگیەوە دواوە".

داوای لە راوێژكاری یاسایی كۆشكی سپی كردوە بەدواداچونی یاسایی بكات

بەپێی راپۆرتەكە "ترەمپ داوای لە راوێژكاری یاسایی كۆشكی سپی كردوە سەبارەت بەو بابەتە بەدواداچونی یاسایی بكات، هاوكات هەندێك لە راوێژكارەكانی پشتگیریان لەو پلانە كردوە و بە ئامرازێكی ئابوری ناویانبردوە، لەكاتێكدا هەندێكی دیكەیان پێیان وابوە ئەو كارە هەرگیز سەرناگرێت".

ئەوە یەكەم هەوڵی ویلایەتە یەكگرتوەكان نیە بۆ كڕینی گرینلاند

ئەوە یەكەم هەوڵی ویلایەتە یەكگرتوەكان نیە بۆ كڕینی گرینلاند، پاش جەنگی جیهانی دوەم هاری ترومان، سەرۆكی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتوەكان 100 ملیۆن دۆلاری بەرامبەر ئەو دورگەیە خستە بەردەم دێنمارك، بەڵام ئەو داواكاریە رەتكرایەوە.

رۆژنامەكە دەڵێت "لە ساڵی 1867ەوە تا ئێستا، ویلایەتە یەكگرتوەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بەداوادچون دەكەن تا رێگایەك بدۆزنەوە بۆ كڕینی دورگەی گرینلاند لە دێنمارك".

دورگەی گرینلاند، دەكەوێتە باكوری زەریای هێمن و روبەری خاكەكەی بە بەرفر داپۆشراوە كە هاوتایە بە دو ملیۆن و 166 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆش، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەی 56 هەزار كەس تێناپەڕێنێت.


نیشانەکردن :

#ئەمریکا #دانیمارك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP