بەپەلە

ئۆجالان پەیامێك ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكات

- 8/16/2019 1:18:00 PM 21253 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای سەردانەكەی بۆ زیندانی ئیمراڵی، برای رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تەواوی وردەكاری چاوپێكەوتنی لەگەڵ براكەیدا بڵاوكردەوە.

پاش ئەوەی دوەم رۆژی جەژن محەمەد ئۆجالان، سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان-ی برای و رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كرد لە زیندانی ئیمراڵی، سەبارەت بە دۆخی ناوچەكە و لێدوانەكانی توركیا سەبارەت بە چونە ناو باكور و رۆژهەڵاتی فورات پەیامەكانی ئۆجالان-ی بڵاوكردەوە.

ئەگەر توركیا بیەوێت بچێتە خاكی سوریا ئەو چارەسەرە ئەنجامنادرێت

بەپێی وتەكانی محەمەد ئۆجالان، لەگەڵ ئەوەدا كە هەفتەی رابردو 8ی ئاب، عەبدوڵا ئۆجالان لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە رایگەیاندبو "ئامادەیە لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆتایی بە جەنگی پێشبینیكراو بهێنێت و چارەسەری كێشەكان بكات"، دوەم رۆژی جەژن رایگەیاندوە "ئەگەر توركیا بیەوێت بچێتە خاكی سوریا ئەو چارەسەرە ئەنجامنادرێت".

عەبدوڵا ئۆجالان لەمیانی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكردوە "ئەگەر توركیا بچێتە باكور و رۆژهەلاتی فورات، هەم توركیا زیاندەبینێت، هەم خەڵی ئەو ناوچەیە، ئەو كارە بە جەنگ چارەسەر ناكرێت و دەبێت رێگەچارەیەكی دیكە دابنرێت"، وتوشیەتی "تەنانەت ئەگەر توركیا بیەوێت بچێتە باكوری سوریا ئەو چارەسەرەی ئەو دەیەوێت دروستنابێت".

ئەوەی لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیماندابێت ئەنجامیدەدەین

هاوكات لە درێژەی وتەكانیدا بۆ محەمەد ئۆجالان، عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاندوە "سەبارەت بە چارەسەری دۆزی كورد، ئەوەی لە دەستمان بێت و لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیماندابێت ئەنجامیدەدەین".

 پێویستە لەبری جەنگ ئاشتی هەبێت

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چنگ، كە هێزە سەربازیەكنی توركیا لە ناوچەكانی باشوری كوردستان دژ بە چەكدارانی پەكەكە ئەنجامیدەدەن وتویەتی "چنگ بە واتای جەنگ دێت، ئەم بابەتە بە رشتنی خوێنی مرۆڤەكان چارەسەرناكرێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتیداین و دژ بە جەنگ دەبین، پێویستە لەبری جەنگ ئاشتی هەبێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردنی بە شێوەیەكی بێلایەن ناتوانێت سەركەوتوبێت

هاوكات لە ئۆجالان باسی لەوەكردوە "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردنی بە شێوەیەكی بێلایەن ناتوانێت سەركەوتوبێت، چونكە ئۆپەراسیۆنی چنگ زەبر دەدات لە یەكبونی كورد و یەكبون و پێكەوەبون بەو شێوەیە نابێت، پێویستە هەموان لەپێناو یەكبونی كورددا فیداكاربن بۆ ئەو مەبەستە كاربكەن".

 

ئەو وتانەی ئۆجالان لەكاتێكدایە، رۆژی پێنجشەممە، رێكەوتی 8ی ئاب ل رێگەی پارێزەرەكانیەوە عەبدولا ئۆجالان رایگەیاند "دەتوانێت تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا كێشەكانی تایبەت بە كورد چارەسەربكات و جەنگی پێشبینیكراو لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا كۆتایی پێبهێنێت".


نیشانەکردن :

#ئۆجەلان #تورکیا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP