بەپەلە

پەیامی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لە یادی دامەزراندنی پارتیدا

- 8/15/2019 9:12:00 PM 2049 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، لەیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزباییان لە سەرۆكی ئەو پارتەو ئەندامانی كرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەهەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پەیامەكەیدا رایگەیاند،"پارتی وەك هێزێكی ریشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەريی بنكەفراوان، خاوەن هێزێكی زۆر بەهێزی ئاوەدانی و نوێبوونەوە و پێشكەوتنە".

لای خۆشیەوە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامەكەیدا راگەیاند،"ئومێده‌وارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ مایه‌ی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد و كاری پێكه‌وه‌یی له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌کانی و به‌رقه‌راركردنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست كه‌تێیدا هاوڵاتییان هه‌ست به‌ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بكه‌ن".

هەر لە یادی پارتیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"هیودارم ئەم بۆنە مەزنە ببێتە مایەی بەدەستهێنانی دەسکەوتی گەورەتر و ژیانێکی بەختەوەرتر بۆ گەلەکەمان و، ئاشتی و ئاوەدانی و ئارامی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان".




دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: 

بەبۆنەی (73)ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی لە جه‌نابى سەرۆك بارزانى، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، هەموو لق و ناوچە و رێكخراو و بنكه‌كان، خانه‌واده‌ى شەهیدان و كادیران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی پارتی لە ساڵی 1946دا وەرچەرخانێكی مێژوویى بوو له‌ كوردستان، لەوكاتەوە ئیرادەی كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بۆ ئازادی و پێشكەوتن بووە هێز و بزووتنەوەیەكی رێكخراو و سەرتاسەری. دامەزراندنی پارتی بووە سەرەتای بووژانەوەیەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و رۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا و گەلی كوردستان بووە خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی حیساب بۆكراو لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول بە رابه‌رايه‌تيى بارزانيی نەمر، بۆ یەكەمجار بووە خاوەن درێژترین و فراوانترین شۆڕش لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا و توانی بەشێك لە ئامانجەكانی گه‌لى كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسيی فەرمیدا لەگەڵ حكومەتی عێراق جێبكاتەوە، ئەوەش بووە مایەی بەدەستهێنانی دانپێدانانێكی جیهانی بە رەوایەتيی دۆز و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوولدا پارتی بووە خاوەنی گەورەترین هێزی شۆڕشگێڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

پارتی نسكۆ و سەختی بینیون، بەڵام چونكە خاوەن باوەڕ و بنچینەیەكی ریشەداری بەهێزە، هەمیشە توانیویەتی هەموو نسكۆ و سەختییەكان تێپەڕێنێت و مایەی مانەوە و سەركەوتن بێت بۆ كوردستانييان، هەروەها بەشدارێكی بەهێز بووە لە بزووتنەوەی دیموكراسی و مەدەنيی عێراقدا، لەبەرئەوە لە مێژووی عێراقیشدا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە شانازيی گەورەی هەیە لە دروستبوون و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسيی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی وەك قەوارەیەك لە دەستووری عێراقدا، لە هەمان كاتدا پارتی و پارتییەكان شانازيی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌ييیان هەیە. قارەمانيه‌تيی ئەندامان و جەماوەری پارتی جارێكی دیكە لە بەرگريی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خۆی نواندەوە كه‌ وەك هێزی پارێزەری ئازاديی جیهان، شانازییەكی گەورەی جیهانی تۆمار كرد.

پارتی وەك هێزێكی ریشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەريی بنكەفراوان، خاوەن هێزێكی زۆر بەهێزی ئاوەدانی و نوێبوونەوە و پێشكەوتنە. لاوان و قوتابيان و ئافره‌تانى پارتی حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ كار و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، پارتی بە پشتیوانيی تێكۆشەرە دێرین و بەئەزموونەكانی و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى كوردستان بەهێزتردەبێت، هەر لەبەرئەوەش لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، لەمەودواش پارتی بە كارنامە و پلانی بەرفراوانتر دەتوانێت زیاتر خزمەتی دۆز و ئامانجەكانی گەلی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بكات.

دووباره‌ ئه‌م ياده‌ له‌ هه‌موو كوردستانييان پيرۆز بێت. 

نێچیرڤان بارزانی
15/8/2019
 



دەقی پەیامەكەی رێواز فایەق:

به‌بۆنه‌ی یادى 73 ساڵه‌ى دامه‌زراندنییه‌وه‌، د.رێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌بۆنه‌ی 73هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رۆك و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێزیشیانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كادیران و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رو کەسوکاری شەهیدان و فراکسێۆنی پەرلەمانییان دەکەین و هیوای به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین له‌ خه‌باتی سیاسی و تێكۆشان له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌دیهێنانی سه‌رجه‌م خواست و داواكارییه‌ ڕه‌واكانی کوردستانیان.

ئومێده‌وارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ مایه‌ی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد و كاری پێكه‌وه‌یی له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌کانی و به‌رقه‌راركردنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست كه‌تێیدا هاووڵاتییان هه‌ست به‌ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بكه‌ن.
د.رێواز فائق 
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
15ى ئابى 2019





دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی :


پەیامی بەرێز مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 16 ئاب

بەبۆنەی یادی حەفتاو سێ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، پارتی کوردایەتی و بەرخودان و ، ساڵرۆژی لە دایکبوونی سەرۆک ورابەرمان مەسعود بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم .

هیودارم ئەم بۆنە مەزنە ببێتە مایەی بەدەستهێنانی دەسکەوتی گەورەتر و ژیانێکی بەختەوەرتر بۆ گەلەکەمان و، ئاشتی و ئاوەدانی و ئارامی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان .

مەسرور بارزانی 
16 ی ئابی 2019
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP