عەبدولمەهدى فەرمانیکرد بە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکان و لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەى کۆگاى سەقەر

- 8/15/2019 3:40:00 PM 14959 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانى کرد بە لێپێچینەوەى تەواو لەسەر روداوى تەقینەوەى کۆگاى سەربازى سەقەر و قەربوکردنەوەى زیانلێکەوتوانى ئەو روداوە.

 فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر و قەرەبوکردنەوەى زیانلێکەوتوان


ئەمڕۆ پێنجشەممە عادل عەبدولمەهدى, سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوەیەکى تەواو و گشتگیر لەسەر روداوى تەقینەوەى کۆگاى سەربازى سەقەر کە دەکەوێتە باشورى شارى بەغدا و قەرەبوکردنەوەى زیانلێکەوتوانى ئەو روداوە.

دەبێت کۆگا سەربازیەکان ببرێنە دەرەوەى شارەکان

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا عەبدولمەهدى داوایکردوە, درێژە بدرێت پلانى بردنەدەرەوەى سەرجەم کۆگا سەربازیەکان بۆ ناوچەکانى دەرەوەى شارەکان و دوپاتیکردوەتەوە، "بونى هەر کۆگا یاخود گەنجینەیەکى سەربازى لە دەرەوەى ئەو پلانە و رێککەوتنە فەرمیەکان بە نایاسایى لە قەڵەم دەدرێت".

هەفتەیەک وەک مۆڵەت دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوەى راپۆرت لەسەر روداوەکە

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە ،دوێنێ چوارشەممە لەمیانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بە سەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران, ماوەى هەفتەیەکى وەک مۆڵەت دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوەى راپۆرت لەسەر بردنەدەرەوەى کۆگا و گەنجینە سەربازیەکانى ناو شارەکانى عێراق بۆ دەرەوەى شارەکان".

ئاماژە بەوەشکراوە "لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى گشتگیر لە هەمو لایەنە بەرپرسیارەکان تا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەى کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى سەقەر بکرێت".

گەشتى هەمو جۆرە فڕۆکەیەک یاساغکراوە

هەر لەو راگەیەندراوەدا، عادل عەبدولمەهدى فەرمانیکردوە بە راگرتنى گەشتى فڕۆکە لە عێراق بە هەمو جۆرەکانى تایبەتى و گشتى و سەربازى و هەلیکۆپتەر و چاودێرى، ئەگەر عێراقى بن یاخود بیانى، راشگەیەندراوە "لە ئەگەرى فڕینى هەر فڕۆکەیەکدا تا کاتى هەڵگرتنى فەرمانەکە، دەستبەجێ لە لایەن هێزە دژە ئاسمانیەکانى عێراقەوە بە ئامانجدەگیرێت".

دوشەممەى رابردو، وەزارەتى بەرگرى عێراق رایگەیاند "کۆگاکانى چەک و تەقەمەنى لە سەربازگەى سەقەر لە باشورى بەغدا تەقیەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک چەکدارى حەشدى شەعبى و پۆلیسى فیدراڵى عێراق برینداربون".

چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژەیان بەوەکرد " تەقینەوەى ئەو کۆگا سەربازیە بەهۆى بۆردومانکردنیەوە بوە لە لایەن فڕۆکەیەکى نەناسراوەوە".


نیشانەکردن :

# عادل عەبدولمەهدی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP